207 جار خوێندراوەتەوە 25/09/2019

وەزیری كارەبا سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی وەزارەتی كرد

بەمەبەستی جێبەجێكردنی رێنمایی و مەرجەكانی پێدانی كارەبا لەدوای هەمواركردنەوەو لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكانی پرۆژەی (تۆڕی زیرەك )؛ رێكەوتی 25/9/2019 لەنووسینگەی تایبەتی خۆی ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا كۆبووەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا كە راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی كارەبا لەهەرسێ پارێزگای هەولێرو سلێمانی و دهۆك و وتەبێژی وەزارەت ئامادەیبوون، وەزیری كارەبا باسی لەهەمواركردنەوەی رێنمایی و مەرجەكانی پێدانی كارەبا كرد كە لە رۆژنامەی وەقایعی وەزارەتی داد بڵاوكرایەوەو پێویستە هەمووان پابەندی جێبەجێكردنی بن ، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری كارەبا گوێبستی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاروئیشەكانی پرۆژەی ( تۆڕی زیرەك ) بوو، وێڕای جەخت كردنەوە لەسەر خێرا بەڕێوەچوونی كارەكان بڕیاردرا ئەو ئەندازیارو كارمەندانەی لەو پرۆژەیەدا كار دەكەن نابێت لەوەزارەت جگە لەكاركردن لە پرۆژەی (تۆڕی زیرەك )كاری دیكە ئەنجام بدەن.
لەدرێژەی قسەكانیدا وەزیری كارەبا داوای لەسەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەكانی پارێزگاكان كرد مانگانە راپۆرتی تایبەت بە داهات بۆ وەزارەت بەرز بكەنەوە .
هەر هەمان رۆژ ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی حەمەد ئەمین هەورامی راوێژكاری وەزارەت و وتەبێژی پێشووی وەزارەت كرد بەبۆنەی خانەنشینكردنی و ئەو خزمەتە زۆرەی لەبواری كارەبادا پێشكەشی كردووە، ئومێدی خواست نموونەی وەكو حەمەد ئەمین هەورامی راوێژكاری وەزارەت زۆر بێت كە توانیوێتی بەبەردەوام زیاتر لە 30 ساڵ لەبوارەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و وزە نوێبووەكان دڵسۆزانەو جیددییانە كار بكات، لەلایەن خۆشیەوە حەمە ئەمین هەورامی راوێژكاری وەزارەت سوپاسی بەڕێز وەزیری كارەبا و ستافی وەزارەت و هەموو كارمەندانی وەزارەتی كرد كە پێكەوە توانیویانە ئەو رۆژە سەختانە بەڕێبكەن و كارو پرۆژەی زۆر ئەنجام بدەن ، هاوكات هیوای سەركەوتنی بۆ سەرجەم فەرمانبەران و كرێكارانی وەزارەت خواست .

4628112592019_1.jpg

729112592019_2.jpg

2729112592019_3.jpg


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure