131 جار خوێندراوەتەوە 9/1/2019

هەموو پرۆژەکانی وێستگەکانى گۆڕین کە تەواوبوون بەهێڵی کارەباوە دەبەسترێنەوە

ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا : دەبێت بەزووترین کات ئەو وێستگانەی گۆڕینی کارەبا کە تەواو بوون ببەسترێنەوە بە هێڵی کارەباوەو بۆ گەیاندنی وزەی کارەبا بۆ هاوڵاتیان بەکاربهێنرێن
وەزیری کارەبا رایگەیاند : هەموو ئەو وێستگانەی گۆڕینی کارەبا کە لە100% ی کارەکانیان تەواو بووە دەبێت بەزووترین کات بەهێڵی کارەبای نیشتمانییەوە ببەسترێنەوەو بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و گەیاندنی کارەبا بۆ هاوبەشانی کارەبا بەکار بهێنرێن.
ئەم لێدوانەی ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا لەچوارچێوەی ئەو کۆبوونەوەیەدا هات کە ئەمڕۆ لەگەڵ بریکاری وەزارەت و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت کۆبووەوەو داوای لێکردن هەرچی زووە کار بۆ بەستنەوەی هەموو ئەو وێستگانەی گۆڕینی کارەبا بکرێت کە کارەکانیان تەواو بووەو ئامادەن بۆ کارکردن، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری کارەبا دوای گوێبیستی راوبۆچوون و پێشنیارەکانی ستافی باڵای وەزارت و ووردەکارییەکانی لێژنەی ئامادەکردنی کارنامەی وەزارەت بڕیاری دا لەم هەفتەیەدا لەچوارچێوەی هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارنامەی وەزارەت تەواو بێت. لەتەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا وەزیری کارەبا باسی لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان کردوو بڕیار درا دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان کار بۆ چارەسەرکردن و رێکخستنی هەموو ئەو کارو پرۆژانە بکرێت کە پەیوەندی بە گەیاندنی وزەی کارەباوە هەیە بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان. سەبارەت بەکۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی سیستەمی کارەباش وەزیری کارەبا داوای لە بەڕێوەبەری گشتی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان کرد بەدواداچوون لەسەر پرۆژەی سکادا بکات کە پرۆژەیەکی پێشکەوتووی کۆنترۆڵکردنی کارەبایە و رۆڵی لە چارەسەرکردنی زۆربەی گرفت و کێشەکان دەبێت.
لەکۆتایی قسەکانیدا ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا باسی لە کاری سیانەی وەرزی تۆڕەکانی کارەبا کرد کە پێش هاتنی وەرزی زستان پێویستە تیمەکانی چاکسازیی لە وەزارەتی کارەبا دەستی پێبکەن و ئامادەیی وەزارەتی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هەموو کار ئاسانی و پاڵپشتیەک کە پێویستیانە.

212710192019_111.jpg


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure