477 جار خوێندراوەتەوە 5/21/2019

بریکاری وەزارەتی کارەبا: دانانی پێوەری زیرەک چارەسەری سەرەکی بەفیڕۆنەدانی کارەبا و کەمکردنەوەی سەرپێچیەکانە

لەبارەی رەوشی کارەبای هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین، هاوکات لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم، هۆگر شاڵی بریکاری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم، تیشکدەخاتە سەر دوا پێشهاتەکان بۆ باشترکردنی کارەبا لەهەرێمی کوردستان و رایدەگەیەنێت، «چارەسەری سەرەکی بەفیرۆنەدانی کارەبا و کەمکردنەوەی سەرپێچییەکان دانانی پێوەری زیرەکە».
ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لەنێوان 3300 بۆ 3500 مێگاوات دایە

سەرەتا سەبارەت بە کارەبا لەمانگی رەمەزاندا، هۆگر شاڵی وتی: «لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە، زۆر پڕۆژەو پلانی وەزارەتی کارەبا نەتوانرا کاری لەسەر بکرێت، ئەمەش کاریگەریی هەبوو لەسەر ژێرخانی کارەبا و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و زیادکردنی ماوەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان، لەگەڵ ئەمەشدا وەزارەتی کارەبا و کرێکارو فەرمانبەرانی ماندوونەناسانە توانیان بەسەر ئەو گیروگرفتە قورسەدا زاڵ بن و رێگە نەدەن قەیرانێکی توندی کارەبا دروست بێت.
وتیشی: «سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و ماوەکانی پێدانی کارەبا لە مانگی رەمەزاندا، وەزارەتی کارەبا بە هەماهەنگی و پاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان توانیویەتی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ (3300 - 3500) مێگاوات بەرز بکاتەوە، بەم بڕەش لەم مانگەدا وەزارەتی کارەبا دەتوانێت بە تێکڕا (18 - 20) کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتیان بدات، بۆ کۆنترۆڵکردنی کارەباو رێکخستنی سیستمی بەڕێوەبردنی کارەباش لەم مانگەدا ئاگاداری سەرجەم تیمەکانی چاککردنەوەو کۆنترۆڵی کارەبا و سیانەی یەکە ئیدارییەکانمان کردووە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بن لەکاتی کەوتنەوەی هەر کێشەو گرفتێکی کارەبادا».
بەرهەمهێنانی کارەبا بەوزەی خۆر

لەبارەی هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا و بەرنامەی تازەیان بۆ وەرزی هاوین، هۆگر شاڵی وتی: «بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماو هەڵکشانی خواست لەسەر کارەبا یەکێکە لەو کێشە گەورانەی رووبەڕووی وەزارەتی کارەبا دەبێتەوە، لە ئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکەین تۆڕباین و وێستگەکانی کارەبا سیانە بکرێت و ئامادە بێت بۆ بەگەڕخستنی زۆربەی یەکەکان، ئەمە وێڕای بەردەوامی کارکردنی تیمەکانی نەهێشتنی سەرپێچی کارەبا، لەدوای جەژنی رەمەزانیشدا بەرنامە بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیاری کارەبا ئەنجام دەدەین، بەڵام چارەسەری سەرەکی بەفیڕۆنەدانی کارەبا و کەمکردنەوەی سەرپێچیەکان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی تۆڕی زیرەک دەبێت».
هەروەها بریکاری وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەچەند هەنگاوێکی دیکە کرد بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەتایبەتی بە وزەی خۆر و لەو بارەیەوە ئاشکرایکرد، بەپێی ئەو توێژینەوەو بەدواداچوونانەی لە وەزارەتی کارەبا لەبەردەستماندایە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان داهاتوویەکی زۆر باشی هەیەو دەکرێت سودی لێ وەربگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، بەتایبەتی کە رێژەی تیشکی خۆر لە هەرێمی کوردستان لە سەرووی 1800 کیلۆوات/سەعات/م٢/ لەساڵێکدا، ئەمەش رێژەیەکی باشە لە سەر ئاستی جیهان.

کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی کارەبا

روونیشیکردەوە، وەزارەتی کارەبا 3 سیستمی سۆلار لە 2 قوتابخانەو یەک بنکەی تەندروستی میللی دامەزراندووەو لەسەرەتای ساڵی 2017 کار دەکەن و بۆ ئەم سێ شوێنە نیو مێگاوات کارەبایان لێ بەرهەم دێت و لەڕۆژانی پڕ خۆر لەسەرووی 95 %ی قەبارەی پڕۆژەکە وزەی کارەبای لێ بەرهەم دەهێنرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنەکان هان دەدات کە بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر پڕۆژەکانیان جێبەجێ بکەن بەمەرجێک بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی دارایی‌و هونەری و سیستمی وەزارەتی کارەبا. ئێمەش وەکو وەزارەتی کارەبا پێشنیار دەکەین هاندانی ئەو خاوەن پڕۆژە تایبەتانەو ماڵان بکات کە بۆ گەرمکردنەوەی ئاوی پێویستی خۆیان سوود وەربگرن لە وزەی خۆر، کە زۆربەی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون ئاوی گەرمی خۆیان دابین بکەن لە وزەی خۆر.
دواجار لەبارەی دوا هەنگاوەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ جێبەجێکردنی پێوەری زیرەک هۆگر شاڵی وتی: «پڕۆژەی تۆڕی زیرەک یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی کارەبا و لەزۆربەی وڵاتاندا کاری پێدەکرێت، پڕۆژەکە لە خزمەتی هاووڵاتیاندایە، چونکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی کارەبا و زیادبوونی کاتژمێرەکانی کارەبا، هاوکات لۆدی قورسیش لەسەر تۆڕ و محاویلەو وێستگەکانی گۆڕینی کارەبا کۆنترۆڵ دەکرێت، ئەمە وێڕای جێبەجێکردنی دادپەروەرییەکی باش بۆ دابەشکردنی کارەبا بەسەر هاووڵاتیاندا».
وتیشی: «پڕۆژەکەش هەموو قۆناغەکانی گرێبەست و تەندەرو یاسایی تەواو کردووەو زۆربەی مەوادەکانی پڕۆژەکە هەر لە پێوەرو ئامێرو سیستەمەکەی گەیشتۆتە کۆگاکانی هەرێم و دەست بەمەشقپێکردنی کارمەندانی وەزارەتی کارەباش بەردەوامە، چونکە بەشێک لە سەرکەوتنی پڕۆژەکە دەکەوێتە سەرشانی توانای شارەزایی و لێهاتوویی فەرمانبەران و کارمەندانی وەزارەتی کارەبا، هەربۆیە گرنگیەکی زۆرمان داوە بۆ مەشق و راهێنانی ئەو فەرمانبەرانەی وەزارەت کە تایبەتن بەم پڕۆژەیە».

1 ملیۆن و 507 هەزار هاوبەش

ئاماژەی بەوەشکرد، لەلایەکی دیکەوە لە پارێزگای هەولێر لەچەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون و ناوچەی پیشەسازیی پڕۆژەی پێوەری زیرەک لەژێر تاقیکردنەوەدایە و کاری جددی لەسەر دەکرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە دانانی پێوەری زیرەکە بۆ 1 ملیۆن و 507 هەزار هاوبەشی کارەباو داخڵکردنی بۆ ناو سیستەمێکی زیرەک‌و پێشکەوتوو لەسەرانسەری پارێزگاو ناوچەکانی کوردستان، ئەمەش کاتی دەوێت تاوەکو قۆناغ بەقۆناغ پڕۆژەکە بەسەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت، بەپێی پلانێکی داڕێژراو کارەکە بە سیستمێکی سەردەمانە جێبەجێ دەکرێت

3527152152019_4444.jpg

2128152152019_5555.jpg

5128152152019_77.jpg

 

 

 

 

 

 

 

 

 

sawen


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure