451 جار خوێندراوەتەوە 9/18/2018

بریكاری وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان: دەست بەجێبەجێكردنی چەندین پرۆژەی گرنگی كەرتی كارەبا دەكرێتەوە

بریكاری وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان:

دەست بەجێبەجێكردنی چەندین پرۆژەی گرنگی كەرتی كارەبا دەكرێتەوە

هۆگر شاڵی بریكاری وەزارەتی كارەبا لە لێدوانێكیدا بۆ ( كوردستانی نوێ) چەند لایەنێكی رەوشی كارەبای لەهەرێم روونكردەوەو رایگەیاند؛ لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاد دەبێت، سەبارەت بە قەیرانی دارایی كە زیانێكی زیاتری بەكەرتی كارەبا گەیاندووە كە بودجەو پارەی پێویست لەبەردەستدا نەبووە بۆ دابینكردنی سوتەمەنی و بەگەڕخستنی یەكەكانی كارەبا بریكاری وەزارەتی كارەبا لەو دیمانەیەدا وتی : بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەزارەت نەیتوانیوە ئەو پلان و ماستەرپلانەی كارەبا كە لەبەردەستیدا بووە بە تەواوەتی لەكاتی خۆیدا جێبەجێی بكات، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لەم قەیرانەدا وەزارەتی كارەبا توانی پرۆژەی چاكسازیی فراوان ئەنجام بدات و خەرجیەكانی زۆر كەم بكاتەوەو چەندین بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە و بەش و هۆبەی كەم كردەوەو خەرجییەكانی بەگەڕخستنی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لەگازوایلەوە گۆڕی بۆ غازی سروشتی و پارەیەكی گەورەی بۆ بودجەی گشتی گەڕاندەوە) سەبارەت بە فراوانكردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتیش وتی : ( كۆمپانیای داناغاز بەهاوكاری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان سەرقاڵی فراوانكردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی یە كە بۆ ئەم كارە پێویستی بەوە دەبێت ماوەی 3 رۆژ ناردنی غازی سروشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا رابگرێت،ئێمە لەبەر بەرزی پلەكانی گەرما ئەو كارەمان جارێ راگرتووە بۆ كاتێكی نادیار لەكاتی جێبەجێكردنی پرۆژەكەشدا وەزارەت بەرنامەو پلانی خۆی هەیە بۆ ئەوەی كاریگەرییەكی گەورە نەكاتە سەر ماوەكانی پێدانی كارەبا، بەڵام دوای تەواوبوونی كاری فراوانكرنەكە سوودمەندی سەرەكی هاوڵاتیانە كە دەبێتە هۆی زیاد بوونی بەرهەمهێنانی كارەبا و دواتر زیادبوونی ماوەكانی پێدانی كارەبا)لە وەڵامی پرسیارێكی تایبەت بە كوردستانی نوێ كە تایبەت بوو بەپرۆژەی پێوەری زیرەك بریكاری وەزارەتی كارەبا وتی:( وەزارەتی كارەبا سەرقاڵی پرۆژەیەكی ستراتیژیی یە ئەویش پرۆژەی پێوەری زیرەكە كە خۆشبەختانە توانیومان خەرجی و تێچوونی پرۆژەكە لە یەك ملیارو 300 ملیۆن دۆلارەوە بۆ نزیكەی 300 ملیۆن دۆلار كەم بكەینەوە، بەمشێوەیە بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە كاریگەریی باشی لەسەر كەمبوونەوەی زیاد بەفیڕۆدانی كارەبا و كۆنترۆڵكردنی باشتری سیستەمەكە دەبێت). بریكاری وەزارەتی كارەبا لەو دیمانەیەدا ئاماژەی بەدەستپێكردنی چەندین پرۆژە كردووە و وتی:( بەپاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆك و جێگری ئەنجومەنی وەزیران توانیمان رۆژە سەختەكان بەڕێبكەین و ئومێدوایە چەندین پرۆژەی گرنگ دەست بەجێبەجێكردنی بكرێتەوە كە هاوكاتە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی كارەكانی هەریەك لە ( پرۆژەی پێوەری زیرەك و وێستگەی هەڵمی خەبات و راكێشانی تۆڕەكانی كارەبای پەستان نزم و پەستان بەرزو چەندین پرۆژەی دیكە..).

 

 

18142892018_DSC_9993.JPG


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure