1293 جار خوێندراوەتەوە 8/21/2017

فرۆشتنی کارەبا بەدەرەوە سوودی بۆ ئابووری هەرێمی کوردستان هەیە و کاریگەری خراپی نابێت

بریکارى وه‌زاره‌تى کاره‌باى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ سایتی )باسنیوز( ڕای دەگەیەنێت، فرۆشتنى کاره‌با بۆ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان هیچ کاریگه‌رییه‌کى خراپى له‌سه‌ر ماوه‌ و جۆری پێدانى کاره‌با به‌ هاووڵاتییان نابێت، ئەوەشی راگەیاند کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خواست لەسەر کارەبا بۆ 5 هەزار مێگاوات کارەبا بەرزبووەتەوە، هەروەها هەوڵ دراوە بەشێوەیەکی رێژەیی و بەیەکسانی کارەبا بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێت. ئەمەش دەقی وتەکانی بەڕێزێتی بۆ باسنیوز:
هۆگر شاڵی، بریکارى وه‌زاره‌تى کاره‌باى هه‌رێمى کوردستان ڕایگه‌یاند: "به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌کانى گه‌رما، خواست له‌سه‌ر کاره‌با به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ 5 هه‌زار مێگاوات، به‌ڵام ئێستا وه‌زاره‌تى کاره‌با ته‌نها تواناى به‌رهه‌م هێنانى (2400 تــــا 2500) مێگاوات کاره‌باى هه‌یه‌".هەروەها ڕوونیکرده‌وه‌، که‌ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ تواناى کڕینى سوته‌مه‌نییان بۆ وێستگه‌کانى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با نییه‌. بۆیه‌ ناتوانن ئه‌و ڕێژه‌ زۆره‌ى کاره‌با به‌رهه‌م بهێنین.
بریکارى وه‌زاره‌تى کاره‌با، ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، که‌ قه‌یرانى دارایی کاریگه‌رى کردووه‌ته‌ سه‌ر جێبه‌جێنه‌کردنى پلانى وه‌زاره‌ت بۆ پتە‌وکردنى ژێرخانى کاره‌با، هه‌روه‌ها هه‌وڵدراوه‌ که‌ به‌پێی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ى بۆ پارێزگاکان دیاری کراوه‌، کاره‌با به‌یه‌کسانى به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا دابه‌ش بکرێت، پێویسته‌ خه‌ڵکیش هاوکارمان بن و کاره‌با که‌متر به‌فیڕۆ بده‌ن.
له‌سه‌ر پرسی فرۆشتنى کاره‌با بۆ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان، هۆگر شاڵی، ڕای گه‌یاند: "فرۆشتنى کاره‌با به‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان هیچ ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کى له‌سه‌ر ماوه‌ و جۆری پێدانى کاره‌با به‌ هاووڵاتییان نابێت، هه‌روه‌ها به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ى له‌ نێوان وه‌زاره‌تى کاره‌با و کۆمپانیاکانى وه‌به‌رهێنانى کاره‌با هه‌یه‌، وه‌زاره‌ت مه‌رجه‌ ڕێژه‌یه‌ک قه‌ره‌بوو به‌ کۆمپانیاکان بدات، به‌پێی گرێبه‌سته‌که‌ش ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌ت تواناى وه‌رگرتنى کاره‌باى له‌ وێستگه‌کانى کاره‌با نه‌بێت، ئه‌وا کۆمپانیاکانى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با بۆیان هه‌یه‌ کاره‌باکه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان بفرۆشن".
بریکارى وه‌زاره‌تى کاره‌با، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، که‌ کۆمپانیاکانى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با داوای ڕێگه‌ پێدانیان پێشکه‌شى وه‌زاره‌تى کاره‌باى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرد، بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگه‌یان پێ بدرێت له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى فیدراڵ گرێبه‌ستێک واژۆ بکه‌ن، ده‌شڵێ: "دواى پێداچوونه‌وه‌ داواکارییه‌که‌مان په‌سه‌ند کرد، چونکه‌ له‌ ڕووى ته‌کنیکى و ئابوورییه‌وه‌ سوود به‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌گه‌یه‌نێت".
وه‌ک ڕوونیکرده‌وه‌، سووده‌کانى په‌سه‌ند کردنى گرێبه‌ستى هه‌نارده‌ى کاره‌با بۆ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان پێکهاتوون له‌:

1. له‌ ڕووى مرۆییه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌ژمار ده‌کرێت، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه‌ کاره‌که‌ به‌ به‌رز هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ کراوه‌.
2. له‌رووى سیاسییه‌وه‌ هاوکاریکردنى حکوومه‌تى فیدراڵ له‌م کاته‌دا که‌ شه‌ڕى داعش له‌ کۆتایی دایه‌، واده‌کات ئاواره‌کان بۆ شوێنه‌کانی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌وه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌رێنى ده‌بێت.
3. له‌ڕووى داراییشه‌وه‌ وه‌زاره‌تى کاره‌با له‌ پێدانى قه‌ره‌بوو به‌ کۆمپانیاکان به‌رهه‌مهێناى کاره‌با، ڕزگارى ده‌بێت.
4.به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ى له‌ نێوان حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و کۆمپانیاکانى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌بادا هه‌یه‌، هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێژه‌ى 50% شه‌ریکى سوودى ئه‌و کاره‌بایه‌ى ده‌بێت که‌ به‌ حکوومه‌تى فیدراڵ، ده‌فرۆشرێت .
5. حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕێژه‌یه‌ک له‌ پاره‌ى فرۆشتنى کاره‌با بۆ ده‌رەوه‌ له‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌کان وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ى هێڵ و وێستگه‌ ناوه‌ندییه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌کارده‌هێنن بۆ هه‌نارده‌کردنى کاره‌باى فرۆشراو، هه‌روه‌ها به‌پێی گرێبه‌ستى واژوکراو له‌ نێوان کۆمپانیاى وه‌به‌رهێنان و حکوومه‌تى فیدراڵ سوته‌مه‌نى بۆ به‌گه‌ڕخستنى ئه‌و یه‌کانى دابین ده‌کات، هه‌ر بۆیه‌ به‌هیچ جۆرێک ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر بوونى گازوایل له‌ هه‌رێمى کورستان نابێت.
6.به‌پێی گرێبه‌ستى واژوکراو له‌ نێوان وه‌زاره‌تى کاره‌با و کۆمپانیاکانى وه‌به‌رهێنان، هه‌رکاتێک حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان تواناى دابینکردنى سوته‌مه‌نى هه‌بێت بۆ وه‌رگرتنى کاره‌باى زیاتر، گرێبه‌ستى واژوکراو بۆهه‌نارده‌کردنى کاره‌با بۆ ده‌رەوه‌ى هه‌رێمى کوردستان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌.

 

36692182017_hokr shale 2.jpg

57692182017_DSC_3052   1.jpg


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure