207 جار خوێندراوەتەوە 7/12/2017

ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان و نەوت و كارەبا تەوەرەی سەرەكی گفتوگۆكانی نێوان شاندێکی باڵای حکوومەتی ناوەند لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بوو

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 12/7/2017 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، لە هەولێر، بە ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی لە شاندێکی باڵای حکوومەتی عیراقی فیدرال كرد، کە لە بەڕێزان وەزیرانی نەوت، کارەبا، کشتوکاڵ، پەروەردە، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی و بریکاری وه‌زاره‌تى نەوتی عیراق پێکهاتبوون.سەرەتای کۆبوونەوەکە بەڕێز سەرۆک وەزیران بەبۆنەی ئازادکردنەوەی مووسڵ پیرۆزبایی لە گەلانی عیراق کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ هەموو لایەک بە ئازادکردنی مووسڵ سوودمەند دەبین و دەبێت هەمووان هاوکار بن بۆ قۆناغی دوای داعش و ئاساییکردنەوەی ڕەوشی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە و گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان. لەو كۆبوونەوەیەدا كە بەڕێزان وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم، وەزیری پلاندانان، وەزیری پەروەرده‌، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمى كوردستان، بریکاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به وه‌کاله‌ت، بریکاری وەزارەتی کارەبا و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئامادەی کۆبوونه‌كه‌ بوون.
تەوەرەی سەرەكی گفتوگۆكانی تایبەت بوو بە باسكردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند بۆ قۆناغی دوای داعش ، بەتایبەتی لەو ناوچانەی پێشتر داگیر کرابوون و ئێستا پێویستییان بە ئاوەدانكردنه‌وه‌ و خزمەتگوزارییە، لەو بارەیەوە حکوومەتی هەرێم ئامادەییی خۆی نیشان دا هەروەک چۆن دەرگای واڵا کردبوو بۆ هاتنی ئاوارە و دابینکردنی ژیانی ئاسایی بۆ ئەو هاووڵاتیانە، ئاوهاش هەماهەنگ دەبن لە گێڕانەوە و بووژاندنەوەی ژیان لەو شوێنانەی زەرەرمەند بوون. شاندی میوانیش سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئەو ئامادەییەی نیشانیان دا بۆ هەماهەنگی و هاوکاری له‌گه‌ڵ حکوومەتی عێراق.
لە کۆبونەوەکه‌دا هه‌ردوولا ئاماده‌ییى خۆیان بۆ كردنه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ و به‌رده‌وامیى گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش کرا بەمەبەستی برەودان و چۆنیەتیی ڕێکخستنەوەی هاماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر لە بواری نەوت و کارەبا بەجۆرێک کە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی عیراق لەبەرچاو بگیرێت.

1311101372017_1.jpg

112101372017_Untitled.png

 

 

 

 

 

sawen


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure