230 جار خوێندراوەتەوە 21/03/2020

سوپاس و پێزانین بۆ فەرمانبەرانی ئیشكگر لەوەزارەتی كارەبا

سوپاس و پێزانین بۆ فەرمانبەرانی ئیشكگر لەوەزارەتی كارەبا
لە چوارچێوەی هەڵمەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و راگەیاندنی پشووەكان و هاوكات قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەشارو شارۆجگەكانی هەرێمی كوردستان؛ وەزارەتی كارەبا وەكو وەزارەتێكی خزمەتگوزاریی گرنگ توانیوێتی تەواویی خزمەتگوزارییەكانی پێشكەش بەهاوڵاتیان بكات و؛ فەرمانبەرانی ئیشكگر لە سێكتەرو بەشەكانی (بەرهەمهێنان و وێستگەكان و كۆنترۆڵی هەرێم و كۆنترۆڵی پارێزگاكان و سەنتەرەكانی هاوكاریی و راگەیاندن و چاكسازییەكانی دابەشكردن و هێڵەكان و پاسەوانان و پۆلیسی كارەبا) بەرۆحێكی نیشتمانپەروەرانەو ماندونەناسانە ئەركی سەرشانیان بەجێگەیاندووە و رێگایان نەدا ماڵەكانی كوردستان بێ كارەبا بن ، هاوكات بۆ نەخۆشخانەو شوێنە خزمەتگوزارییەكانی دیكەش 24 كاتژمێر كارەبامان دابین كرد، هەروەها توانرا چارەسەریی تەواوی گرفتەكانی كارەبا بكەین بەتایبەتی لەكاتی بارانبارینی بەهێزو كەوتنەوەی لافاو لەناوچە جیاجیاكانی كوردستان. هەروەها فەرمانبەرانی بەرهەمهێنانی كارەبا و وێستگەكان و كۆنترۆڵەكان لەو ماوەیەدا بەبڕی 3200 مێگاواتی بەرهەمهاتوو توانیویانە بەشێوەیەكی دادپەروەرانەو رێكوپێك بەتێكڕا 16 بۆ 17 كاتژمێر كارەبا بەهاوڵاتیان بدەن. لەبەرامبەردا دەستخۆشی و سوپاسی یەكەیەكەی فەرمانبەرانی ئئیشكگری ئەو سێكتەرو بەشانە دەكەم و داواكارم لەخوای گەورەو دلۆڤان هەمووان ساخ و سەلامەت بكات و رەچاوی رێوشوێنی سەلامەتی و خۆپارێزی بن، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم ستافی وەزارەت بە بریكارو راوێژكارو بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرەكانمان راسپاردووە بۆ سەردانی مەیدانی و دابینكردنی پێداویستیەكانی خۆپارێزی.
ئەندازیار كەمال محمد صاڵح
وەزیری كارەبا
21/3/2020

848102132020_1111.jpg


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure