502 جار خوێندراوەتەوە 17/02/2020

وەزارەتی کارەبا گرێبەستێکی بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کارەبای سۆران واژوو کرد

رێکەوتی 17/2/2020 ئەندازیار کەمال محمدساڵح وەزیری کارەبا گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ( هێرۆ) بەگوژمەی شەش ملیۆن و حەوت سەد هەزار دۆلار واژوو کرد، بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگی گواستنەوەی وزەی کارەبا بۆ تەواویی دەڤەری سۆران و گۆڕینی تەل و زیادکردنی توانای وێستگەی (سۆران -1)، کە بەپێی ئەم گرێبەستە لەماوەی 180 رۆژدا کۆمپانیای ناوبراو بەدرێژی 16 کیلۆمەتر هەڵدەستێت بە راکێشانی هێڵەکەو گۆڕینی تەلی گەیەنەرو زیادکردنی توانای بەشێکی وێستگەکە.

دوای رێورەسمی واژووکردنی گرێبەستەکە ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاڵپشتیکردن و تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ چاککردنی دۆخی راکێشان و دابەشکردنی کارەبا لەتەواوی دەڤەری سۆران . لەتەوەرێکی قسەکانیدا وەزیری کارەبا وێڕای سوپاسی کۆمپانیای ناوبراو کە سەرکەوتووانە توانی پێش وادەی خۆی پرۆژەی راکێشانی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرز لەنێوان خەبات - زەنگەنان بۆ پارێزگای دهۆک ئەنجام بدات، داواشی لێکردن بەشێوەیەکی زانستی و هونەری رێکوپێک و لەماوەی دیاریکراوی خۆیدا ئەم پرۆژەیەش تەواو بکەن، لەوتەیەکیشدا وەزیری کارەبا ئاماژەی بەهەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا کرد کە بۆ باشکردن و ئەنجامدانی پرۆژەکانی گواستنەوەی هێڵی پاڵەپەستۆ بەرزو بەستنەوەی تەواوی ئەو وێستگانەی تەواوبوون لەپارێزگاو ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، لەلایەن خۆشیانەوە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بەڵێنی دا پرۆژەکە لەماوەی خۆیداو بە کوالێتی بەرز ئەنجام بدەن.
چارەسەرکردنی کێشەی گواستنەوەی کارەبا بەیەکێک لەو کارانە دادەنرێت کە وەزارەتی کارەبا گرنگیەکی زۆری پێداوە، تاوەکو هەموو پارێزگا و دەڤەرو ناوچەکانی کوردستان بەپێی پێویست و پشکی کارەبای خۆیان وەربگرن کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست و بەکارهێنانی کارەبا ژێرخانی هێڵەکانی گواستنەوەی پاڵەپەستۆ بەرز زۆر پێویستیان بە ئەنجامدانی ئەو پرۆژانەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی وەزارەتی کارەبا سەرقاڵی جێبەجێکردنی بەستنەوەی تەواویی ئەو وێستگانەی گۆڕینی کارەبان کە لەشارو شارۆجگەکانی کوردستان تەواو بوون و بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە ببەسترێنەوە بەتۆڕی کارەبای نیشتمانی یەوە .

21391722020_1.jpg

1491722020_2.jpg

21491722020_3.jpg

55491722020_4.jpg

18591722020_5.jpg

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

sawen


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure