208 جار خوێندراوەتەوە 02/02/2020

لە رێگەی چەند پڕۆژە و گرێبەستێکەوە، دەیان ملیۆن دۆلاریان بۆ خەزێنەی گشتی گەڕاندووەتەوە. تەنیا لە یەک پڕۆژەدا ساڵانە 51 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە رێگەی چەند پڕۆژە و گرێبەستێکەوە، دەیان ملیۆن دۆلاریان بۆ خەزێنەی گشتی گەڕاندووەتەوە. تەنیا لە یەک پڕۆژەدا ساڵانە 51 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە.

ئەندازیار کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، بە رۆژنامەی (باس)ی راگەیاند، لە رێگەی گۆڕینی جۆری سووتەمەنی لە گازوایل بۆ نەوتی رەش، پارەیەکی باش بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێنینەوە، گوتی: "لە رێگەی گۆڕینی جۆری سووتەمەنی لە گازوایل بۆ نەوتی رەش، بەهای هەر یەک تەن لە 700 دۆلار دەبێتە 200 دۆلار، رۆژانە تەنیا لە وێستگەی هەولێر و دهۆک، بڕی بەکارهێنانی سووتەمەنی 140 تەنە، پێشووتر 98 هەزار دۆلار بوو، ئێستا بووەتە 28 هەزار دۆلار، بۆیە اڵانە زیاتر لە 51 ملیۆن دۆلار بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە".

ئاماژەی بەوەش دا، پێشووتر گرێبەستێک کرابوو، توانیویانە لە بەرژەوەندیی حکوومەت کۆتایی بە گرێبەستەکە بهێنن و پارەیەکی کەمتر بدەن، گوتی: "گرێبەستی کۆمپانیایەک هەبوو، کە 69 ملیۆن دۆلار بوو، کۆتاییمان پێ هێنا، هەمان پڕۆژە بە 42 ملیۆن دۆلار دەکرێت، کە ئێستا لە قۆناغی تەندەردایە، نزیکەی 22 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی".

وەزیری کارەبا جەختی کردەوە، توانیویانە نرخی کڕینی هەر (یەک) مێگاوات کارەبا لە سەعاتێکدا 30 بۆ 28 دۆلار کەم بکەنەوە، هاوکات جۆرێکی تر لە 63 دۆلار کەم بکەنەوە بۆ 45 دۆلار، جۆرێکی تریش لە 32 دۆلار کەم کراوەتەوە بۆ 6 دۆلار.

ئاشکراشی کرد، پێداچوونەوەیان بە قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیا کردووە و 16 دۆلاریان کەم کردووەتەوە، گوتی: "پێشووتر ئەگەر لەلای حکوومەت سووتەمەنیی بۆ دابین نەکرابوایە، 30 دۆلاری بۆ یەک مێگاوات دەدا، ئێستا بووەتە (14) دۆلار بۆ یەک مێگاوات".

روونیشی کردەوە، لێخۆشبوون لە قەرزی کۆمپانیاکان لەسەر حکوومەت کراوە، لە ئەگەری کارنەکردنی وێستگەکان لەبەر بابەتی دابین نەکردنی گازوایل بۆ ساڵانی 2014 تاوەکوو 2019، کە بریتی بووە لە 47 ملیۆن و 576 هەزار دۆلار، گوتیشی: "لەو بڕە 29 ملیۆن و 821 هەزار دۆلاری لە هەولێر و دهۆک بووە، 17 ملیۆن و 755 هەزار دۆلاریش لە سلێمانی بووە".

وەزیری کارەبا جەخت دەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە پێداچوونەوەی گرێبەستەکان، بۆ ئەوەی چاکسازی بکرێت و خەرجییەکانی حکوومەت کەم بکرێنەوە و پڕۆژەکانیش پێش بخرێن.

رۆژنامەی باس 
http://www.basnews.com/index.php/so/economy/kurdistan/577585

 


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure