159 جار خوێندراوەتەوە 28/01/2020

پارێزگاری هەولێر: بڕینی زێدەڕۆیی سەر كارەبا ھەموو كەس دەگرێتەوە و ھیچ كەسێك پارێزبەندی لەسەر نییە

ئەمڕۆ 2020.1.27 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی هێمن قادر و تاهیر عەبدوڵا جێگرانی پارێزگار، لەدیوانی پارێزگا لەبارەی کێشەی کارەبا و هەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرجەم قەیمقامەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و نوێنەری داواکاری گشتی و بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی دابەشکردنی کارەبا و تەواوی بەڕێوەبەرانی دابەشکردنی کارەبای سنوری پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری پۆلیسی کارەبا و نوێنەری زێرەفانی ئەنجامدا.

لەکۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر تیشکی خستە سەر کێشەی بەفیرڕۆچوونی کارەبا بەهۆی زێدەڕۆیی و ئاماژەی بەوەدا کە یەکێکە لەگەورترین کێشەکانی ئێمە زێدەڕۆیی و دزینی کارەبایە، بۆ بەرگرتن لە زێدەڕۆیی و نەهێڵانی سەرپێچی سەر کارەباش ئەوە ماوەیەی کە دیاریمانکردبوو لە 2020.2.2 کۆتایی پێدێت و لەو ڕێکەوتەوە ھەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت، لەوبارەیەشەوە بڕیاردرا لێژنەیەکی باڵا لەسەر ئاستی هەموو قەزاکان بەسەرۆکایەتی قایمقامیەکان پێکبهێنرێت بۆ دەستپێکردنی ھەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا، تاوەکو لەو ڕێکەوتەی دیاریکراوە دەست بە هەڵمەتەکە بکرێت.

پاشان د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سوپاسی هەموو ئەو هاوڵاتیانە دەکەین کە لەماوەی دوومانگی ڕابردوو بەدەنگ بانگەوازەکەمانەوە هاتن و ئەو زێدەڕۆییانەی کە کردبوویانە سەر کارەبا بڕیان و نەیانهێڵا و ئەوانەشی کە پێشتر یەکەی نیشتەجێبوونیان تەجاوزبوو دیسان ئەوانیش بە هەزارانیان ڕوویان لەدام و دەزگاکان و فەرمانگەکانی کارەبا کرد و بەشێکی زۆریان چارەسەرکران، ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت و فەرمانگەکانمان لەناو هەموو قەزا و ناحیەکان و لەناو سەنتەری شاری هەلێریش ئەو پرۆسەیە بەردەوامی پێدەدەن بۆ بەستانی پێوەری کارەبا بۆ ئەو یەکە نیشتەجێبووانەی کەپێشتر ڕێگەیان پێنەدەدراوە، ئەمڕۆ لەو کۆبوونەوەیی ئەنجاماندا بڕیارماندا لە 2020.2.2 پرۆسەی بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا لەهەموو قەزاو ناحییەکان و لە ناو سەنتەری شاری هەولێر دەست پێدەکەین، لەوبارەیەوە لێژنەمان لەهەموو قەزاکان بە سەرپەرشتی قایمقامەکان و ئەندامیەتی پۆلیسی کارەبا و فەرمانگەکانی کارەبا پێکهێناوە و لەهەریەکێک لەو لێژنانەش داواکاری گشتی کاری یاسایی خۆی دەکات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەس و لایەنانەی سەرپێچیان کردۆتە سەر تۆڕی کارەبا".

پارێزگاری هەولێر هەروەها وتی: "لێرەوە جارێکی تر داوا لەهاوڵاتیانی سەرجەم قەزا و ناحیەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و هەموو ئوتێل و کۆمپانیاکان و هەموو شوێنە بازرگانیەکان و ریستۆرانتەکان دەکەین کە پابەند بن تاوەکو ئەو ماوە کۆتایی دێت، ئەو سەرپێچیەیی کردویانەتە سەر کارەبا بیبڕن، ئەگینا ئێمە وەکو پێشتریش ڕامانگەیاندووە زێدەڕۆیی سەر کارەبا دەبڕین و پێبژاردن و ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەریان دەگرینەبەر، لەهەمانکاتدا ئەو پرۆسەیە هیچ کەس و لایەنێک بەدەرناکات وھەموو كەس دەگرێتەوە و ھیچ كەسێك پارێزبەندی لەسەر نییە لەهەموو گەڕەک و شوێنە بازرگانیەکان، وەک هەنگاوی یەکەمیش لەو شوێنانە دەست پێدەکەین کە ئەوانەی لە کۆمەڵگا پێان دەگوترێ دەست ڕۆیشتووەکان یان ئەو گەڕەکانی تایبەتمەندی خۆیان هەیە".

پاشان پارێزگاری هەولێر لەبارەی (کاتم) بێدەنگ کردنی مولیدە ئەهلیەکان ئەوەی ڕاگەیاند: "پێویسته‌ سه‌رجه‌م مۆلیده‌كانى هه‌ولێر تا 2020.5.1، بكرێن به‌ مۆلیده‌ى بێده‌نگ (كاتم)، هه‌ر خاوه‌ن مۆلیده‌یه‌ك، مۆلیده‌كه‌ى نه‌كات به‌ بێده‌نگ، زۆر كه‌س ناوى خۆیان تۆمار كردووه‌ و بۆ ئه‌وه‌ى له‌شوێنى ئه‌وان كار بكه‌ن، ئێمه‌ش ئه‌وان له‌شوێنى ئه‌وان بۆ كاركردن داده‌نێین، پارێزگاری هەولێر لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی ئاشکراکرد کە هەموو ئەو شەقامانە دەکەینەوە کە کەس و لایەنەکان دایانخستووە بەهەر هۆکارێک بێت، داواش لە هاوڵاتیان دەکەین ئەوانەی ئەوکارەیانکردووە خۆیان هاوکارمان بن.

پارێزگاری هەولێر هەروەها وتی: "خۆشبه‌خانه‌ له‌ ماوه‌ى ڕابردووشدا توانیمان له‌ كۆنترۆڵكردنى ده‌رمان، كۆنترۆڵكردنى جۆریی خۆراك، داخستنى قومارخانه‌كان و كۆمه‌ڵێك لێپێچینه‌وه‌ى دیكه‌، کە په‌یوه‌ست به‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك كه‌ كارى مافیاییان كردووه‌، توانیومانه‌ ده‌ستگیریان بكه‌ین و لێپیچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین".

له‌ کۆتایشدا پارێزگارى هه‌ولێر وتی: "ده‌مه‌وێ لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نم، كه‌ ئێمه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌نێین و ئه‌م لێپێچینه‌وانه‌ ده‌گرینه‌ به‌ر، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك كه‌ به‌ پاره‌ى دزی، كه‌ تا دوێنێ ڕێیان پێ درابوو و ده‌یانتوانى كۆمه‌ڵێك شتى نایاسایی بكه‌ن، ئه‌مڕۆ به‌م پاره‌ دزراوه‌، كۆمه‌ڵێك په‌یجى ساخته‌ دروست بكه‌ن و كۆمه‌ڵێك ڕێگاى دیكه‌یان گرتووه‌ته‌ به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵمه‌تێك بكه‌ن ئێمه‌ له‌و چاكسازییانه‌ و له‌م گۆڕانكارییانه‌ ڕابگرن، ده‌مه‌وێ لێره‌وه‌ هاووڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر دڵنیا بكه‌مه‌وه‌، به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌كان و حكوومه‌ت، ئێمه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وامى پێ ده‌ده‌ین و ناوه‌ستین، هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌ده‌ین چاكسازییه‌كى ڕاسته‌قینه‌ كه‌ خواستى خه‌ڵكه‌، له‌ شاره‌كه‌ى خۆمان بیگرینه‌ به‌ر و هیچ کارێکی لەم شێوەیە نامانوستێنێ".

 

215452812020_1.jpg

535452812020_2.jpg


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure