606 جار خوێندراوەتەوە 13/01/2020

وەزیری كارەبا: ئەمساڵ 500 مێگاوات كارەبا زیادیكردووە 75مێگاوات كارەبا لەوزەی خۆر بەرهەمدەهێنرێت

لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ شاری سلێمانی، ئەندازیار كەمال محەمەد وەزیری كارەباو شاندی یاوەری سەردانی پارێزگای سلێمانیان كردو لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانیەوە پێشوازیلێكرا.

لەدانیشتنێكدا پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەدۆخی كارەبای پارێزگای سلیمانی كردو رایگەیاند: هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەو گیروگرفتانەی كە رووبەڕووی بواری كارەبا دەبێتەوە لەشارەكەدا.

رایگەیاند: بەپێی ئەو توانایەی كە لەبەردەستیاندایە وەك پارێزگار درێغیان نەكردووە لەهاوكاریكردنی كارەبای سلێمانی و داواشی لەوەزیری كارەبا كرد بۆ نۆژەنكردنەوەی ئینارەی شەقامی مەولەوی و چەند شەقامێكی تری سلێمانی.

لای خۆشیەوە وەزیری كارەبا سوپاسی ئەو پێشوازیەی لێكردو باسی لەدۆخی كارەبای كوردستان كردو تیشكی خستەسەر پلانی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمی كارەباو رایگەیاند: كە ئەمساڵ 500 مێگاوات كارەبا بەرهەمهێنان زیادی كردووەو پلانیشیان هەیە بۆ زیاتركردنی بەرهەمهێنانی كارەباو لەو چوارچێوەیەدا 50 مێگاوات لەگەرمیان بەرهەمدەهێنرێت و بەو نزیكانەش لەوزەی تیشكی خۆر 75 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنن كە 25 مێگاواتە بۆ هەر پارێزگایەك.

دواتر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی بۆ رۆژنامەنووسان دوان و پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: یەكێك لەبڕیارە گرنگەكانی وەزارەتی كارەبا گۆڕینی نرخی كارەبای باخەكانە لەنرخی بازرگانیەوە بۆ نرخی ئاسایی ماڵان، هەروەها داواشیكرد كە پێداچوونەوە بەنرخی بازرگانیدا بكرێت كە بارگرانیەكی زۆرە لەسەر شوێنە بازرگانی و گەشتوگوزارییەكان.

دواتر وەزیری كارەبا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوەو تایبەت بەپێوەری زیرەك رایگەیاند كە پرۆژەكە بەرێكوپێكی بەرێوەدەچێت و لەسنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە42 هەزار پێوەر دانراوەو پرۆژەكەش یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی بارزۆری سەر فیدەرەكان و سەرەمحاویلەو تەعریفەو نرخی كارەباش ناگۆڕدرێت.

هەر لەكۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەدا ئەندازیار سالار حسام الدین بەرێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند: پێوەری زیرەك بێبەرامبەر بۆ هاووڵاتیان دەبەسترێت و تێچووەكەشی لەسەر وەزارەتی كارەبایە.

پاشان پاش نیوەرۆی هەمان رۆژ وەزیری كارەبا سەردانی بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی كردو لەلایەن بەرێوەبەری گشتی و بەرێوەبەرەكانی سنووری بەرێوەبەرایەتی گشتی پێشوازیلێكراو لەلایەن خۆیەوە سوپاسی سەرجەم فەرمانبەرانی سنووری بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی كرد وەك چۆن لەرابردوودا بەوپەڕی دڵسۆزیەوە كارتان كردووە لەداهاتووشدا بەهەمان شێوە بەردەوام بن.

لەكۆبوونەوەكەدا وەزیری كارەبا دەستخۆشی لەتیمی پرۆژەی تۆڕی زیرەك كرد كە كارەكانیان بەشێوەیەكی باش و سەركەوتوو بەرێوەدەچێت و تائێستا توانیویانە نزیكەی 42 هەزار پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشان ببەستن.

هەروەها لەنزیكەوە گوێی لەراوبۆچوونی بەرێوەبەرەكانی دابەشكردنی كارەباو كۆنترۆڵ و گواستنەوەو پلان و كارگێڕی و ژمێریاری گرت.

3722131312020_2.jpg

123131312020_1.jpg

3823131312020_3.jpg

5423131312020_4.jpg

1224131312020_5.jpg


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure