266 جار خوێندراوەتەوە 12/01/2020

ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا بۆ گوڵان:

دەستمان بەچاکسازیی و بنیاتنانی ژێرخانی کارەبا کردووە

وەزارەتی کارەبا یەکێکە لەوەزارەتە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هاوڵاتیان و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە هەیە ، لەگەڵ زیادبوونی خواست و ژمارەی هاوبەشانی کارەبا و فراوانبوونی شاروشارۆجگەکانی کوردستان، ئەو بڕە وزەی کارەبایەی بەرهەم دەهێنرێت لەئاست ئەو گەشەو فراوانبوونەدا نییە ، هەربۆیە سەرەڕای ئەو چاکسازیی و گۆڕانکارییانەی کە لەسێکتەرە جۆراوجۆرەکانی ( بەرهەمهێنان و گواستنەوەو دابەشکردن ) روویانداوە بەڵام هێشتا گرفتی کارەبا چارەسەر نەکراوە، پلان و بەرنامەو پرۆژەکانی وەزارەتی کارەبا و ئەو چاکسازیی و گۆڕانکارییانەی لەم ماوەیەدا ئەنجامدراوە تەوەرەی سەرەکی دیداری گۆڤاری گوڵان بوو لەگەڵ ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا .

 

• لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی خۆیان بۆ 4 ساڵی کارکردن ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بەتایبەتی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، ئایا دەکرێت هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی وەزارەتی کارەبا بۆ باشکردنی خزمەتگوزاریی لەم کابینەیەدا بزانین؟
- وەزارەتی کارەبا یەکێکە لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی بەهاونیشتمانیان و ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی کارەبا بەیەکێک لەسەرچاوە گرنگەکانی وزە دادەنرێت و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووری و پەرەپێدانی وڵات و بەرزبوونەوەی ئاستی گەشەوە هەیە، هەرچەندە ئەم وەزارەتە لەچەند ساڵی رابردوودا لەهەموو سێکتەرەکان کاری گەورەو گرنگی ئەنجام داوە، بەڵام لەئاکامی پێشکەوتنەکان و بەرزبوونەوەی خواست و پێداویستیەکان لەسەر کارەبا و زیادبوونی ژمارەی هاوبەشانی کارەبا بۆ( 1 ملیۆن و 574 هەزار) هاوبەش، واقیعێکی وای خوڵقاندووە کە سەرەڕای هەموو پرۆژەو هەوڵەکانمان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاستی خواستی بەکارهێنەرانی کارەبا و پێشکەوتنی شارەکان و پرۆژەکانی وەبەرهێنان زیاترو فراوانترە هەربۆیە گرفتی کارەباکە بەڕێژەی جۆراوجۆرو لەکاتی زستان و هاویندا دەبینرێت، بۆ زانینی زیاتری کەرتی کارەبا و دۆخەکە پێویستە سەرەتا بە کورتی باسێکی سێکتەرەکانی کارەبا بکەین.
وەزارەتی کارەبا لەچەندین سێکتەری گرنگ پێکهاتووە کە بریتی لە سێکتەرەکانی ( بەرهەمهێنان - گواستنەوە- دابەشکردن -کۆنترۆڵ)، ئەم بوارانە هەر هەمووی بناغەی ژێرخانی کارەبا پێک دەهێنن و رۆڵ و کاریگەرییان لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا هەیە، خزمەتکردنی هاوڵاتیانیش لەسەر راسپاردەی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی پێشەوەی کارو ئەرکەکانی وەزارەت دادەنرێت، بۆیە بەردەوام کار بۆ زیادبوونی ماوەکانی پێدانی کارەبا دەکەین و چاکسازیی لەسەرجەم بوارەکانی هەیکەلی وەزارەت و رێنمایی و راسپاردەکان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیشوکاری هاوڵاتیان دەکەین، بۆ نموونە فەرمانی وەزاریمان دەرکردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو خانووانەی تاپۆو هاوبەشی کارەبایان نییە تاوەکو لەماوەی دوو مانگدا هاوبەشیان بۆ بکرێتەوەو پێوەر ببەستن ، هەروەها ئەوانەشی سەرپێچیان لەسەر تۆڕەکانی کارەبا کردووە ماوەی یەک مانگمان دانابوو تاوەکو سەردانی فەرمانگەکان بکەن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان، لەلایەکی دیکەوە ئاگاداری فەرمانگەو پارێزگاکانمان کردووە لەسەری ساڵی نوێوە کارەبای بەردەوام تەنیا بۆ (نەخۆشخانە حکومییەکان و پرۆژەکانی ئاوی ستراتیژی و فرۆکەخانەو گرتوخانەکان و فەرمانگەی جوازات و کارتی نیشتمانی و بەنکی مەڵبەندی و خاڵە سنوورییەکان) دەمێنێت، هەروەها رێنمایمان دەرکردووە بەوەی هەر کۆمپانیایەک لەدوو پرۆژەی لەلا بێت دەبێت یەکێکیان تەواو بکات ئەوکات دەتوانێت بەشداری لە تەندەرەکان و گرێبەستی نوێ لەگەڵ وەزارەت بکات، لەبواری گواستنەوەی کارەبا و دابەشکردنیشدا چەندین پرۆژەو کارمان دەستپێکردۆتەوەو لەماوەیەکی کەمدا کاریگەرییەکانی دەردەکەوێت.
• لەناو وەزارەتی کارەبادا چەندین سێکتەری گرنگ هەیە کە پێویستە بەهاوتەریب کاری لەسەر بکرێت بەتایبەتی بواری بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا دەکرێت بزانین لەم بوارانەدا چی کراوە؟
- سەرەتا با لە سێکتەری بەرهەمهێنانی کارەباوە دەست پێ بکەین تاوەکو هاوڵاتیانی بەڕێز لەرێگەی گۆڤارەکەتانەوە بزانن چی گۆڕانکاریی و چاکسازییەک لەماوەی تەنیا 100 رۆژی کارکردنی ئەم کابینەیەدا تەنیا لەبواری بەرهەمهێنان ئەنجام دراوە :
• پێداچوونەوە بەگرێبەستی کۆمپانیای (MEP)ی لوبنانی کرا، لەدوای ئەوەی گرێبەستەکەیان بەکۆتایی هات، بۆ بەکارخستنی هەردوو وێستگەی 29 مێگاواتی لەهەولێر و دهۆک لەئەنجامدا ئەم گۆڕانکارییە لەبەرژەوەندی وەزارەتی کارەبا ئەنجام درا.
• کەمکردنەوەی نرخی کڕینی هەر ( یەک ) مێگاوات لەکاتژمێرێکدا لە ( 28 بۆ 30) دۆلار
• پێداچوونەوە بەقەرەبووکردنەوەی کۆمپانیا ئەگەر لەلای ئێمە سوتەمەنی بۆ دابین نەکرا لەشوێنی 30 دۆلار بۆ یەک مێگاوات بۆ ئەوەی ببێتە (14 ) دۆلار بۆ یەک مێگاوات.
• گۆڕینی جۆری سوتەمەنی لەگازوایل بۆ نەوتی رەش کە بەهای هەریەک تەن لە 700 دۆلار دەبێتە 200 دۆلار، لێرەدا رۆژانە تەنیا لەوێستگەی هەولێر و دهۆک بڕی بەکارهێنانی سوتەمەنی لە 140 تەن × 700 دۆلار= (98.000 دۆلار) ، دەبێتە (140 تەن× 200دۆلار= 28.000 دۆلار ، واتا رۆژانە بۆ هەر ساڵێکیشدا بۆ هەردوو وێستگە بڕی 140.000 جاران 365=( 51.100.000 دۆلار ) دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت.
• لێخۆشبوون لەقەرزی کۆمپانیاکان لەسەر حکومەت لەئەگەری کارنەکردنی وێستگەکان لەبەر بابەتی دابین نەکردنی گازوایل بۆ ساڵانی ( 2014 -2015-2016-2017-2018-2019) کە بووەتە ( 29.821.26 دۆلار).
• کۆتایی هێنان بەگرێبەستی کۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانی کە بەگوژمەی ( 69.500.000 دۆلار) واژووکرابوو لەبەرامبەر (5.29.000دۆلار) دواتر هەمان پرۆژە بەگوژمەی (42) ملیۆن دۆلار ئەنجام دەدرێت و نزیکەی 22 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی .
• بەکارخستنی یەکەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 150 مێگاوات کارەبا لەوێستگەی خەبات لە رێکەوتی 25/10/2019، ئێستاکەش بڕی کارەبای بەرهەمهاتوو لەم وێستگەیە بۆ 200 مێگاوات کارەبا دەچێت.
سەبارەت بەسێکتەری دابەشکردنی کارەباش لەرووی خزمەتکرنی هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی رۆتین وخێراکردنی مامەڵەکردنی هاوڵاتیان وەزارەتمان زۆر بەجیددی دەوامی فەرمانبەرانی رێکخستۆتەوە ئەمەش لەو هزرو بۆچوونەوە هاتووە کە خزمەتی هاوڵاتیان بکرێت و رۆتین و دواکەوتنی کار لە فەرمانگە حکومییەکان کەم بێتەوە ، لەلایەکی دیکەوە هێڵی تەلەفونی سەرجەم فەرمانگەکانی چاکسازیی و بەڕێوەبەرەکانی لە ویب سایت و بەیجی فەرمی فەیسبووکی وەزارەت بڵاومان کردۆتەوە هەر هاوڵاتیەک گرفتی کارەبای هەبێت دەتوانێت لەو رێگەیەوە پەیوەندی بکات ، ئەمە وێڕای دانانی دوو ژمارە تەلەفون و ئیمێڵ بۆ هەردوو بەرێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوون و چاودێری. هەروەها لەرووی راکێشانی هێڵی کارەبا بۆ ئەو وێستگانەی تەواو بوون هەنگاوی باشمان ناوەو بەمنزیکانە ژمارەیەک لەو وێستگانە دەکەونە کار.

 

• حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی کاری 100 رۆژی رابردووی بڵاوکردەوەو تێیدا ئاماژە بەچەندین کارو پرۆژەی وەزارەتی کارەبا کراوە، بەڵام دۆخی کارەبا لەم ساڵدا بەرەو باشی نەڕۆشتووە ئایا هۆکارەکەی چی یە؟
کێشەی کارەبا کێشەیەکی هاوبەشە لەنێوان وەزارەتەکان و زۆر بواری جیاجیا لەخۆ دەگرێت، ئەگەر بەهاوبەشی کار نەکرێت ئەم گرفتە هەر دەمێنێت، بەڵام دەرئەنجام هاوڵاتیان مافی خۆیانە گلەیی لەوەزارەتی کارەبا بکەن ، لەکاتێکدا زیادبوونی بەرهەمهێنانی کارەبا و باشبوونی ئەم سێکتەرە هەستیارە ئەرکی وەزارەتی کارەبا- وەزارەتی سامانە سروشتیەکان- وەزارەتی دارایی و پلاندانان و تەنانەت کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوو دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی و چەندین وەزارەت و فەرمانگەی دیکە..) ، بۆ نموونە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پێویستیمان بەگاز و بودجە هەیە، بەتایبەتی بۆ بەگەڕخستنی 13 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا کە لەتوانایدا هەیە 6737 مێگاوت کارەبا بەرهەم بهێنێت، ئەمەش پێویستی بەهاوکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و وەزارەتی دارایی هەیە، لەلایەکی دیکەوە کێشەی گەورەی کارەبا لە سێکتەری دابەشکردنی کارەبایە کە بەشێوەیەکی باش کۆنترۆڵ نەکراوە، ئەمەش پێویستی بە هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچیەکان و هاوکاری وەزارەتی ناوخۆ و داد و چەندین لایەنی دیکەی وەکو وەزارەتی پەروەردەو ئەوقاف هەیە کە بۆ هۆشیاری هاوڵاتیان و زیاد مەسرەفی لەبەکارهێنانی کارەباو نەهێشتنی سەرپێچیەکان پێویستی زۆرمان بەهاوکاری ئەوان هەیە.
بەشێوەیەکی گشتی کێشەکانی کارەبا بەم شێوەیەیە:
• ئێمە 13 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبامان هەیە و لەتوانایدا هەیە 6.737 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت، بەڵام تەنیا لە 2019 بەتێکڕا 3.145 مێگاوات کارەبا بەرهەم هاتووە واتا بەرێژەی 46%، بەهۆی نەبوونی سوتەمەنییەوە.
• کارەبای دابەشکراو بەسەر هاوڵاتیاندا بەتێکڕا 2.506 مێگاوات بووە ، لەکاتێکدا بڵندترین خواست بۆ 6200 مێگاوات کارەبا بەرزبووەتەوە.
• ئێمە تەنیان سیستەمی ڤۆڵتیەی 132 کەی ڤی مان هەیە دەبێت سیستەمی 400 کەی ڤی بەکار بهێنین بۆ گواستنەوەی کارەبا لەنێوان شارەکان و دراوسێکانی ئێمەدا.
• چەندین وێستگەی دیکەی گۆڕینی کارەبامان هەیە لە هەرسێ پارێزگاکە لە 100% تەواو بوون لەبەرنەبوونی بودجە بۆ راکێشانی هێڵی گواستنەوە بەکار نەکەوتوون، لەوانە وێستگەی بازیان لەسلێمانی و ئازادی نوێ و روناکی و کەسنەزان و سۆران لەهەولێر و تلکەبەر لەزاخۆ .

• بەرزبوونەوەی رێژەی بەفیڕۆچوونی کارەبا کە لەرووی ستانداردی جیهانییەوە لەهەموو دنیادا بە 12-8 دادەنرێت بەلام لای ئێمە بۆ 40%ی زیادبووە.
ئەم کارو پرۆژانە پێویستی بە بودجە هەیە، پێشتر وەزارەتی کارەبا 5 سەرچاوەی دارایی لەبەردەستدا بووە ( بودجەی ئاسایی- بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان- بودجەی داهاتی کارەبا لە 100% و بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەت و بودجەی پترۆ دۆلار) هەربۆیە لە ئێستادا هەموو ئەو بودجانە یاخود نەماوە یاخود کەم بوونەتەوە، لەلایەکی دیکەوە دەبێت هاوڵاتیانی کوردستان ئەوە راستیە بزانن دابینکردنی بودجە بۆ بەگەڕخستنی ئەو وێستگانە لەم کاتەدا کارێکی قورسە ، چونکە حکومەت دابینکردنی موچە و باشکردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و بەگەڕخستنەوەی زۆر پرۆژەو بەردەوامبوونی خەرجیەکانی لەسەر شانە و چەندنی وەزارەت و سێکتەری دیکەی وەکو تەندروستی و پەروەردە هەیە پێویستی بە بودجەیە.


• باس لەوە دەکرێت ئەگەر سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە گازوایلەوە بگۆڕێت بە غاز پارەیەکی زۆر بۆ حکومەت و گەنجینەی هەرێم دەگەڕێتەوە ئەمە چۆنە و ئایا چی کراوە بۆ ئەوەی سەرجەم وێستگەکان بگۆڕدرێن بە غازی سروشتی؟
گۆڕینی جۆری سوتەمەنی لەگازوایلەوە بۆ نەوتی رەش کە بەهای هەریەک تەن لە 700 دۆلار دەبێتە 200 دۆلار ، لێرەدا رۆژانە تەنیا لە وێستگەی هەولێرو دهۆک بڕی بەکارهێنانی سوتەمەنی لە 140 تەن× 700دۆلار= 98.000 دۆلار دەبێتە 140×200 دۆلار=28.000دۆلار واتا رۆژانە بۆ هەر ساڵێک بۆ هەردوو وێستگە بڕی 140.000 جاران 365=( 51.100.000 دۆلار ) دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت . بەمەش گۆڕینی بەرهەمهێنانی کارەبا لەگازوایلەوە بۆ غاز جگە لەوەی سوودێکی گەورەی ئابووری و دارایی بۆ گەنجینەی حکومەت و پارەو داهاتی هەرێم هەیە هاوکات لەرووی ژینگەشەوە بایەخی تایبەتی هەیە.


• باس لەوە دەکرێت بڕە کارەبایەک دەدرێت بەکەرکوک و موسڵ و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئایا لەم بارودۆخەدا کە ماوەکانی پێدانی کارەبا کەمە تاچەند پێدانی کارەبا بەو شارو ناوچانە کاریگەری لەسەر دۆخی کارەبای هەرێم دەبێت؟
- زۆرجار ئەم پرسیارە دەکرێت و دیارە کەسانێک بۆ مەبەستی دیکە بەکاری دەهێنن، من حەزم کرد لەرێگەی گۆڤارەکەتانەوە ئەم روونکردنەوەیە بدەم ، سەرەتا دەبێت بزانین شاری کەرکوک و بەشێکی زۆری پارێزگای موسڵ ناوچەی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمەو خەڵکی خۆمان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەشی لێیە، هاوکات پێدانی 104 مێگاوات کارەبا بۆ کەرکوک لەم ساڵدا لەرێگەی کۆمپانیای ماس و بەپارەو بودجەی ئەو پارێزگایە بووەو لەو یەکەی وێستگانەوە دراوە کە ئێمە ناتوانین بەهۆی بارگرانی سەر بودجەی هەرێم سوتەمەنی بۆ دابین بکەین و لە ئیلتزامانی یاسایی و دارایش دەمانپارێزێت، هەروەها 300 مێگاوات کارەباش لەرێگەی هەردوو کۆمپانیای کارو قەیوان بەهەمان شێوەیە بۆ موسڵ کە بەشێکی گەورەی دەشتی نەینەواش دەگرێتەوە کە هاوڵاتیانی کوردستانی لێیە و خۆناگرێت بێ کارەبایان بکرێت و کۆچبکەن بۆ هەرێمی کوردستان و بەتەواوەتی کوردستانیان لەو ناوچانە نەمێنن. لەلایەکی دیکەوە ئەم بڕە کارەبایەش هاوکاری حکومەت دەکات بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو یەکانە نەداتە وەبەرهێن کە سوتەمەنی بۆ دابین نەکردووە، هەروەها ئێمە بەرەو بەهێزبوونی پەیوەندییەکان لەنێوان هەرێم و بەغدا و دابینکردنی موچەو بودجە دەڕۆین ئەم پەیوەندییەش ئاساییە و دەبێت هەبێت و لەدواڕۆژدا زۆر سوودی لێوەردەگرین بەتایبەتی لەم دوو ساڵەی دوایدا کە موچەی هەرێمی کوردستان دەنێرن و هەمووان باس لە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکەن.


• وەزارەتی کارەبا مانگێکی تەرخان کردووە بۆ ئەوەی سەرپێچیکارانی سەر تۆڕەکانی کارەبا گرفت و کێشەکانی خۆیان لەڕێگەی فەرمانگەکانی فرۆشتنی کارەباوە چارەسەر بکەن، ئایا تا ئێستا بەدەنگەوە هاتنی سەرپێچیکاران چۆنەو بەنیازن دوای ئەو مانگە چۆن هەڵمەتەکە دەست پێبکەن؟
بۆ رێکخستنەوەو چارەسەرکردنی ئەو هەموو سەرپێچی و زێدەڕۆییەی کراوەتە سەر کارەبا و لەپێناو کردنەوەی هاوبەش و پێوەری کارەبا بۆ ئەو خانووانەی بەسەرپێچی دروست کراون وەزارەتی کارەبا بە پاڵپشتی و هاوکاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکانی داد و شارەوانی بڕیاریدا هاوبەش و پێوەر بۆ سەرجەم هاوبەشانی بکاتەوە بەمەش بڕە کارەبایەکی زۆر کە بەسەرپێچی راکێشراوە و پارە نەدراوە بۆ گەنجینەی حکومەت دەگەڕێتەوەو تەنانەت بارگرانیش لەسەر تۆڕەکانی ئەو ناوچانەی سەرپێچیەکانی تێدایە کەم دەبێتەوە، لەلایەکی ترە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاندان و پاڵپشتیکردنی سەرپێچی ماوەی مانگێکی داناوە بۆ ئەوانەی گرفت و کێشەی کارەبایان هەیە بۆ ئەوەی سوود لەو لێخۆشبوونە وەربگرن و بەزووترین کات چارەسەری گرفتەکانیان بکەن، بۆ ئەوانەشی کە پێوەریان نییە ماوەکەمان تا کۆتایی ئەم مانگە درێژکردەوە، لەدوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە وەزارەتی کارەبا لە ڕێگەی لێژنەکانی سەرپێچی کارەباوە کار دەکات و ئیجرائاتی توندیش ئاراستەی ئەو کەسانە دەکەین کە بەسەرپێچی کارەبایان راکێشاوە.


• زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە سەرپێچی سەر تۆڕەکانی کارەبا لەلایەن کەسانی دەستدرۆیشت ئەنجام دراوە ئایا لەم کابینەیەدا تاچەند وەزارەت توانای لێپێچینەوەی ئەم جۆرە کەسانەی هەیە؟
بە پاڵپشتی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەس لە یاسا گەورەتر نییە و هەموو دەسەڵاتێکی داومەتێ بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو کەسانەی خۆیان بەدەستدرۆیشتوو دەزانن و سەرپێچیان کردووەتە سەر موڵک و سامانی گشتی ، جگە لەمە داوامان لەهەردوو وەزارەتی پەروەردەو ئەوقافیش کردووە کە رۆڵیان لەهوشیارکردنەوەی هاوڵاتیان هەبێت و دژی دزین و زێدەڕۆیی بن لەسەر تۆڕەکانی کارەبا، داوام لەکەناڵەکانی راگەیاندنیش هەیە لەهەڵمەتی سەرپێچیەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی کارەبا. لەلایەکی دیکەوە لەرووی بڕینی سەرپێچی و کارەبای بەردەوام لەسەر زۆر شوێن و بارەگا ئەنجامدراوە رێنمایی توندیشمان ئاراستەی فەرمانگەکانی چاککردنەوەی کارەبا کردووە کە بەتوندی سزای هەر کارمەندو بەڕێوەبەرێک دەدەین رۆڵی هەبێت لە پێدانی کارەبای بەردەوام، هەروەها زۆربەی کۆمپانیاکانیشمان ئاگادارکردووەتەوە کە لەکاتی بوونی سەرپێچی و کەمتەرخەمی ناویان دەخەینە لیستی رەش و وەزارەت جگە لەوەی داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەکات هاوکات کاریشیان لەگەڵدا ناکات.


• کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لەهەموو جیهاندا رۆڵێکی گەورەیان لە پێشخستنی کەرتی کارەبا و دابەشکردنی کارەبا بەسەر هاوڵاتیاندا هەیە ئێوە تاچەند لەبەشداریکردنی کەرتی تایبەت سەرکەوتوو بوون؟
- لەسێکتەری (بەرهەمهێنان)دا توانرا بەسەرکەوتوویی بەرەو کەرتی تایبەت بچین، لە ئێستاشدا پرۆژەمان هەیە کەرتی تایبەت لە سێکتەری (دابەشکردن) بەشدار بێت و لەهەر پارێزگایەک 50 هەزار بۆ 100 هەزار هاوبەش وەک نموونە وەربگرێت بۆ ئەوەی لەم کەرتەشدا بەرەو کەرتی تایبەت بچین بەهاوشێوەی هەموو ئەزموونە سەرکەوتووەکانی دنیا، ئەمەش دوای ئەوەی پرۆژەی تۆڕی زیرەکمان لەشارەکان دانا. لەلایەکی دیکەوە ئێمە پاڵپشتی و کارئاسانی باشمان بۆ سەرجەم کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کردووەو لەبواری بەڵێندەرایەتی و جێبەجێکردنی پرۆژەو دابینکردنی وێستگەی مۆبایل و کەرەستە رۆڵێکی باشیان بینیوەو بەردەوام لەژێر چاودێری و بەدواداچوونی ئێمەدان، هەربۆیە ئێستا لەهەرێمی کوردستاندا چەندین کۆمپانیای گەورەی جیهانی دەبینین کاری سەرکەوتوو باش ئەنجام دەدەن، لەلایەکی دیکەشەوە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر رێکخستنەوەو چاوخشاندنەوە بەگرێبەستی کڕینی کارەبا ئامادەییەکی باشیان هەیە بۆ ئەوەی کڕینی کارەبا لەسەرجەم کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا یەک بخرێت. لەسەرەتای ئەم هەفتەیەشدا کونسوڵی گشتی کۆریای باشور سەردانی کردم و وێڕای ئاڵڕزبوونی دۆخەکە و تەندوبوونەوەی ململانێکانی نێوان تاران و واشنتۆن بەڵام کۆمپانیاکانی کۆریای باشور ئامادەییان تێدابوو بۆ بەشداریکردن لەهەموو ئەو پرۆژە و کارانەی کە تایبەتە بەوەزارەتمان.

 

• لەسەرەتای زستانی ئەمساڵدا کتوپڕ پەستانی غاز لەدانە غاز کەمبووە ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ دروستبوونی گرفتێکی تەکنیکی لە وێستگەی کارەبای غازی ماس و دواتر کوژانەوەی یەکەیەکی کارەبای خۆرمەڵەی کۆمپانیای کار ئایا ئەمە رێکەوت بوو یاخود لەیەکجاردا کێشەیەکی تەکنیکی کتوبڕ بوو؟
مەسەلەی دابینکردنی سوتەمەنی چ غاز بێت یاخود گازوایل یاخود نەوتی رەش تایبەتە بەوەزارەتی سامانە سروشتیەکان، ئێمە لەم کابینەیەدا هەماهەنگی باشمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هەیە ئەمەش یەکێکە لەتایبەتمەندیەکانی ئەم کابینەیە کە هەموومان وەکو یەک تیم کار دەکەین ، بەڵام هەندێک جار گرفتی پەستانی غاز و گرفتی تەکنیکی لە کێڵگەکانی غاز روودەدات، یاخود دابینکردنی ئەو بڕە زۆرەی گازوایل تێچوون و خەرجیەکانی زۆری پێویستە ، لەگەڵ دانانی پێوەری زیرەک و کەمکردنەوەی لۆدی سەر تۆڕی کارەبا و هەڵکشانی خواست ئەم کێشەیە بەرەو چارەسەرکردن دەچێت.

 


• زۆر باس لەگرنگی تۆڕی زیرەک و دانانی پێوەری زیرەک دەکرێت دەتوانین بزانین گرنگی ئەم پرۆژەیە چی یەو قۆناغەکانی جێبەجێکردنی گەیشتۆتە کوێ و کەی تەواو دەبێت؟
دەستپێکردنی گرێبەستی دانانی پێوەری زیرەک بۆ سەرانسەری هەرێمی کوردستان کە لە 1/8/2019 دەست بەکاربوون و تا رێکەوتی 30/12/2019 ژمارەی دانانی پێوەرەکان گەیشتە زیاتر لە 121هەزار پێوەر لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان، ئەم پرۆژەیە وێڕای ئەوەی تیچوون و نرخی جێبەجێکردنی زۆر کەم کرایەوە هاوکات لەخزمەتی هاوڵاتیاندایە و لەبەستنی بێوەرەکان و دانانی سندوقەکان هیچ بڕە پارەیەک لە هاوڵاتیان و هاوبەشانی کارەبا وەرناگیرێت و تەنانەت لەم قۆناغەشدا بەهیچ شێوەیەک نرخی کارەبا زیاد ناکەین، ئەمە وێڕای ئەوەی تۆڕی کارەبا لەهەموو سەرپێچیەکان پاگژدەکاتەوەو هەر هاوبەشێکی کارەبا پێوەری نەبێت لە سەنتەری داتابەیسەکەوە کارەبای پێ نادرێت، ماوەی تەواوبوونی پرۆژەکە 18 مانگە بەڵام لە پرۆژەیەکی وا ستراتیژیی و گەورە پەلە ناکەین بەشێوەیەکی زۆر زانستی و کوالێتی کارەکان ئەنجام دەدەین، هاوڵاتیان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە ئەو راستیە دەزانن ئەگەر نرخی کارەبا و دانانی پێوەر نەبێت مومکین نییە بتوانرێت:
1-- بەشێوەیەکی دادپەروەرانە خزمەتگوزاریی کارەبا بگەیەنینە هاوڵاتیان.
2-- لەوەرزەکانی زستان و هاوین کۆنترۆڵی سیستەمی کارەبا بکەین.
3- زێدەڕۆیی و سەرپێچیەکان بنبڕ بکەین4
4- زێدەمەسرەفی لەبەکارهێنانی کارەبا نەکرێت و رێژەی تێکچوونی محاویلە و وێستگەکان کەم بکەینەوە.

 

• باس لەوە دەکرێت کە لەپلان و بەرنامەی وەزارەتی کارەبادایە لەم کابینەیە زۆر بواری وەکو فەرمانگەکانی چاککردنی کارەبا و فرۆشتنی وزە بدرێتە کەرتی تایبەت ئایا ئەو میکانیزمەی دەگیرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە چی یە؟
- وەکو هەموو ئەزموونە پێشکەوتووەکانی دنیا کەرتی کارەبا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا لەلای کەرتی تایبەتە بەچاودێری توندو بەردەوامی وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان، ئێمە سێکتەری بەرهەمهێنانی کارەبامان داوا بەکەرتی تایبەت و بۆ گواستنەوەو دابەشکردنیش کاری جیددی دەکەین، بەڵام سەرەتا دەبێت کەرتی کارەبا رێکبخرێتەوەو لەو هەموو سەرپێچی و کەموکورتییە چارەسەر بکرێت ئەوجا هەنگاوی دووەممان دانانی یاسا و رێنمایی تایبەتە بۆ هاتنە پێشەوەی کۆمپانیاکان لەبواری دابەشکردن و بەشێک لە گواستنەوەش.

 

• لایەنێکی دیکەی گرنگ لەم بارودۆخەدا کۆنترۆڵکردنی ئەو هەموو هاوبەش و وێستگەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو دابەشکردنی کارەبایەیە لەم بوارەدا چۆن هەموو ئەم سێکتەرانە رێک دەخەنەوە؟
- لەبەر ئەوەی 13 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبامان هەیە و توانای 6737 مێگاوات کارەبایان هەیە 283 وێستگەی گواستنەوەی کارەبا و زیاتر لە 3200 کیلۆمەتر هێڵەکانی 132 و 1967 هێڵی 11و 33 کی ڤی و 68951 گۆڕەری کارەبا و زیاتر لە 1 ملیۆن و 574 هەزار هاوبەشی کارەبا، هەربۆیە زۆر پێویستە کۆنترۆڵی ناوەندی هەرێم دابمەزرێنین و هەموو کۆنترۆڵەکانی شارەکان ببەستینەوە بەیەکەوە و لەم رووەوە کار لەسەر پرۆژەیەکی ستراتیژی گەورە دەکەین کە بە ( پرۆژەی سکادا) ناودەبرێت و قۆناغەکانی بڕیوەو لەسەرەتای ساڵی نوێ وە تەندەری سکادا ئیعلان دەکرێت.
بەشێوەیەکی گشتی وەزارەتی کارەبا و فەرمانبەر و کرێکارو ئەندازیارەکانی ئەرکێکی قورسیان لەسەر شانە، ئەویش چاکسازییە لەسەرجەم سێکتەرەکان و کارکردنە بۆ دووبارە رێکخستنەوەی بوارەکاین بەرهەمهێنان و گواستنەوەو دابەشکردن و کۆنترۆڵ ئەمە وێڕای چارەسەرکردنی کێشەیەکی موزمن کە سەرپێچیەکانی سەر تۆڕەکانی کارەبایە ، لەم پێناوەشدا بەرنامەی کارمان پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کردووەو بەمنزیکانە رادەگەیەنرێت و کاری دڵسۆزانە لەسەر یەکەیەکەی بڕگەکانی دەکەین لەکۆتا جاریشدا باشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا دەکەینە جێگای رەزامەندی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

322961212020_1.jpg

143061212020_2.jpg

473061212020_3.jpg


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure