265 جار خوێندراوەتەوە 9/10/2019

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە وەزارەتی کارەبا کۆبوونەوەیەکی فراوان بەرێوە چوو

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە بەرواری 10-9-2019 لە دیوانی وەزارەتی کارەبا ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی فراوانی کرد، کە تایبەت بوو بە کێشە وگرفتەکانی پێدانی کارەبا بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و دابەشکردنی رێژەی کارەبای پارێزگاکان .
لەو کۆبونەوەیەدا بەرێزان دکتۆر محمد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنەری کوردستان و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر وهەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و سەڵاح محمد کوێخا سەرپەریشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئامادە بوون. وەزیری کارەبا وێرای بە خێرهاتنی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگاری هەولێر وسلێمانی و هەلەبجە وسەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان باسی گرنگی ئەو کۆبوونەوەی کرد و جەختی لەوە کردەوە بە هاوکاری هەموو لایەک بتوانین چارەسەری کێشە وگرفتەکانی پێدانی کارەبا بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان بکەین، ئەمە و ئەندازیار کەمال محمد وەزیری کارەبا بە ووردی باسی رەوشی کارەبا و توانای وەزارەت بۆ پێدانی کارەبا بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان کرد کە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بە هۆی قەیرانی دارایی بەشێک لە پرۆژەکان دوو چاری گرفتی نەبوونی کارەبا بوون و هەندێک لەوەبەرهێنەرانیش ئامادە نەبوون پابەندی رێنمایی و مەرجەکانی وەزارەتی کارەبا بن .
لای خۆیەوە دکتۆر محمد شوکری سوپاسی وەزارەتی کارەبای کرد کە لە ماوەی رابردوو توانیویەتی هاوکارێکی باش بێت بۆ سەرخستنی پرۆژەکان بەتایبەتی پرۆژەکانی نیشتە جێبوون کە لە ئێستا لە زۆربەی شارو شارۆچەکانی کوردستان بوونیان هەیە و پێویستیان بە خزمەتگوزاریی هەیە، تایبەتی لەرووی دابینکردنی کارەبای نیشتیمانی کە هاوکارێکی باش دەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی پرۆژەی زیاتر .
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کە تایبەت بوو بە کێشە گرفتی کارەبا لە پرۆژەکانی وەبەرهێنانی پارێزگاکانی هەرێم، لەمبارەیەوە هەر یەک لە بەڕێزان نەوزاد هادی وهەڤاڵ ئەبو بەکر و ئازاد تۆفیق جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەماهەنگی و پەیوەندی زیاتر لەنێوان وەزارەتی کارەبا و دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان هەبێت تاوەکو زۆرترین هاوڵاتیانی کوردستان لە خزمەتگوزاری کارەبا لەو پرۆژانە سوودەند بن کە تەواو بووە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پێداچوونەوەو گفتوگۆکردن لەسەر بەشی کارەبای پارێزگاکان و هەمووان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بەپشتبەستن بە خواست و پێداویستی پارێزگاکان و رەچاوکردنی تایبەتمەندێتیان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە کارەبا بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێت، وەزیری کارەباش بەڵێنی پێدان وەزارەت بەهیچ شێوەیەک جیاکاری لەنێوان هاوڵاتیانی پارێزگاکانی کوردستان ناکات و هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی وەزارەتیشی ئاگادار کردۆتەوە کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە کارەبا بگەیەننە هاوڵاتیان .
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا بریاری دروستکردنی لیژنەیەکی باڵا درا لە نێوان وەزارەتی کارەبا ودەستەی وەبەرهێنان و بە نوێنەرایەتی پارێزگاکان بۆ ئەوەی بتوانن بە هەنگاوی کرداری چارەسەری کێشەی کارەبای پرۆژەکانی وەبەرهێنان بکەن و بە دوا داچوونیش بکرێت بۆ سەرجەم پرۆژەکانی نیشتەجێبوون.

 

3325131592019_11.jpg

4426131592019_22.jpg

927131592019_33.jpg


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure