235 جار خوێندراوەتەوە 9/8/2019

وەزیری كارەبا پارێزگای دهۆكی بەسەركردەوە لەگەڵ پارێزگاری دهۆك و سەرۆكی ئەنجومەن و بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای دهۆك كۆبووەوە

بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیشوكارو پرۆژەكانی وەزارەتی كارەبا، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ رێكەوتی 8/9/2019 ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا بەیاوەری شاندێكی وەزارەت سەردانی پارێزگای دهۆكی كردوو لەلایەن فەرهاد ئەمین ئەتروشی پارێزگاری دهۆك پێشوازی لێكراو دواتریش سەردانی هەریەك لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك و بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای دهۆكی كرد.
وەزیری كارەبا لەو سەردانەیدا بەتێروتەسەل باسی رەوشی كارەبا بەگشتی و كارەبای دهۆك بەتایبەتی كرا، بەتایبەتی ئەو پرۆژەو كارانەی كە وەزارەتی كارەبا سەرقاڵی جێبەجێكردنین، سەرەتا وەزیری كارەبا و شاندی یاوەری لەلایەن پارێزگاری دهۆكەوە پێشوازی لێكرا وێڕای بەخێرهاتنی وەزیری كارەبا و شاندی یاوەری بەڕێز فەرهاد ئەمین ئەتروشی پارێزگاری دهۆك سوپاسی وەزارەتی كارەبا و ئەو هەنگاوانە كرد كە وەزیری كارەبا لەو ماوە كورتەدا دەستی پێكردووەو ئومێدی خواست لەئەركی نوێی دا سەركەوتوو بێت، داخوازیش بوو وەزارەتی كارەبا لەدابەشكردنی كارەبادا بەسەر پارێزگاكانی كوردستاندا دادپەروەرانە بەشە كارەبای پارێزگاكان بگەیەنێتە هاوڵاتیان و كێشەی كەمی هاتنی كارەبای دهۆك بەرەوچارەسەركردن بچێت، ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا بەڵێنی دا بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و یەكسانانە وزەی كارەبا بگەیەنێتە هەموو پارێزگاكانی كوردستان، بێخۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بە بڕیاری دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیانی كوردستاندا كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی لە وەزری زستاندا لەسەر تۆڕو محاویلەكانی كارەبا، لەكۆتایی دیدارەكەدا بەڕێز پارێزگاری دهۆك ئامادەیی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی هەموو هاوكاری و پاڵپشتیەكی وەزارەت كە دەبێتە هۆی باشكردنی رەوشی كارەبا و رێكخستنی كەرتی دابەشكردنی كارەبا لە پارێزگاكەدا.
لەهەمان سەرداندا وەزیری كارەبا سەردانی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكی كردوو لەلایەن فەهیم عەبدوڵا سەرۆكی ئەنجومەنەكە پێشوازی لێكرا، لەو دیدارەدا كە بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەن بەڕێوەچوو باس لەهەموو ئەو پرۆژەو كارانە كرا كە وەزارەت پێش هاتنی وەرزی زستان سەرقاڵی جێبەجێكردنین ، لەلایەن خۆشیانەوە سوپاسی وەزیرو شاندی یاوەریان كرد بۆ ئەو گرنگیدانەی كە بە پارێزگاكە دەدرێت و پاڵپشتی خۆیان بۆ سەرجەم پرۆژەكانی وەزارەتی كارەبا لەتەواویی پارێزگاكە دەربڕی . لەلایەن خۆشیەوە وەزیری كارەبا جەختی لەسەر ئەو چاكسازیی و هەنگاوانە كردەوە كە وەزارەت دەستی پێكردووە.
هەر هەمان رۆژ ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای دهۆكی كردوو لەگەڵ بەڕێوەبەرانی كارەبا و بەرپرسانی فەرمانگەو بەش و هۆبەكان كۆبووەوە، لەوتەیەكیشدا وەزیری كارەبا رۆڵی بەرپرسان و كارمەندان و كرێكارانی بەڕێوەبەرایەتیەكەی بەرز هەڵسەنگاندوو تەئكیدی لەسەر كەمكردنەوەی رۆتین و زیاتر خزمەتكردنی هاوڵاتیانی كردەوە، هەروەها لەنزیكەوە گوێبستی گرفت و كێشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەو فەرمانگەو هۆبەكانیان بوو، تەوەرێكی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەسەر هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەی پێوەری زیرەك بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆكدا، وەزیری كارەبا ئەو پرۆژەیەی بەگرنگ وەسف كردوو هیوای خواست هەمووان هاوكار بن و پاڵپشتیەكی باشی سەرخستنی پرۆژەكە بن چونكە پرۆژەكە رۆڵی لە بەڕێوەبردنی سیستەمی كارەبا و دابەشكردنێكی دادپەروەرانەی كارەبا و كەمكردنەوەی سەرپێچیەكان دەبێت ئەمانەش هەمووی بە پلەی یەكەم لە قازانجی هاوڵاتیان و خزمەتی ئەواندایە.
لەدرێژەی دیدارو چاوپێكەوتنەكانیدا وەزیری كارەبا چاویكەوت بە سەربەست تروانشی بەرپرسی لقی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان ، لەو دیدارەدا وێڕای بەخێرهاتنی وەزیری كارەبا و شاندی وەزارەت، بەرپرسی لق داواكاریی و داخوازی جەماوەری پارێزگای دهۆكی بۆ وەزیری كارەبا بەرز كردەوە و خوازیار بوو بەڕێزیان هەموو تواناو هەوڵێكی بخاتەگەڕ لەپێناو دابینكردنی دادپەروەرییەك لەدابەشكردنی كارەبا و ئەنجامدانی پرۆژەكانی وەزارەت. وەزیری كارەباش سوپاسی خەمخۆری بەرپرسی لقی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردوو رایگەیاند وەزارەتی كارەبا بێ جیاوازیی لەخزمەتی جەماوەری كوردستاندا دەبێت و هەموو هەوڵیش دەدات تاوەكو كێشەی كارەبای دهۆك لەكەمی ڤۆڵتیە و نەگەیشتنی پشكی پارێزگاكە چارەسەر بكات .

332216892019_0.jpg

192316892019_2.jpg

532316892019_4.jpg

282416892019_3.jpg

582416892019_5.jpg


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure