224 جار خوێندراوەتەوە 6/20/2019

هۆگر شاڵی : پرۆژەی پێوەری زیرەك گرفت و كێشەكانی كارەبای هاوڵاتیان دیاردەكات و بەفیڕۆچوونی كارەباش كەم دەبێتەوە

هۆگر شاڵی بریكاری وەزارەتی كارەبا لە ڕاپۆرتێكی كەناڵی knn كە تایبەت بوو بە هەنگاوەكانی پرۆسەی دانانی پرۆژەی پێوەری زیرەك رایگەیاند: بە جێبەجێكردنی پرۆژەی پێوەری زیرەك بەشێوەیەكی باشتر دەتوانرێت كێشەو گرفتی كارەبای هاوڵاتیان و تۆڕی دابەشكردنی كارەبا دەستنیشان بكرێت و بەفیڕۆچوونی كارەباش كەمتر دەبێتەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی هاوبەشانی كارەبا پێویست بەوە دەكات بەشێوەیەكی پێشكەوتوو لە ڕێگەی پرۆژەی تۆڕی زیرەكەوە كە پێوەری زیرەكیش لە خۆدەگرێت كارەبا بەڕێوەببرێت و بگەیەنرێتە هاوبەشانی كارەبا، لە ئێستاشدا كارەكانی پرۆژەكە لە هەولێر بەسەركەوتوویی دەستیپێكردووەو بەزووترین كاتیش لە سلێمانی و دهۆكیش پرۆژەكە دەست پێ دەكات. لەتەوەرێكی قسەكانیدا بریكاری وەزارەتی كارەبا باسی گرنگی پرۆژەكەی كرد بەوەی هەرچی ئەو داتایانەیە كە لە رێگەی پێوەرەكانەوە وەردەگیرێت راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ سەنتەرێكی تایبەت بۆ شیكردنەوەو دەستنیشانكردنی هەموو گرفت و كێشەكان تەنانەت ئەگەر هاوڵاتیەكیش گرفتی هەبوو لە ڕێگەی ئەو سەنتەرەوە گرفتەكەی دیاریدەكرێت، هەرچی ئەو بەفیڕۆچوونەی وزەی كارەباش هەیە كە بە رێژەی لە 30%ی دەخەمڵێنرێت هەموو ئەو وزەیە دەگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتیانی كوردستان و هاوبەشانی كارەبا سوودی لێوەردەگرن. لەدرێژەی راپۆرتەكەی كەناڵی knn دا كە راوبۆچوونی ژمارەیەك لە هاونیشتمانیانی وەرگرتبوو پرۆژەكەیان بەگرنگ وەسف كرد بەو پێیەی سەرپێچیەكی زۆر لەسەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی هەیە و ئەمەشیان بەنادادپەروەری وەسف كردوو ئومێدیان خواست وەزارەتی كارەبا لە ماوەیەكی كەمدا بتوانێت ئەو پرۆژەیە لەهەموو شاروشارۆجگەكانی كوردستان جێبەجێ بكات، بەپێی قسەكانی هاوڵاتیان كە لەڕاپۆرتەكەی knn هاتبوو بەشێكی زۆری هاوڵاتیان پێیان وابوو لە ئێستادا خەڵكێكی زۆر لەسەرجەم چین و توێژەكان بەهاوڵاتیان و بەرپرسانیشەوە سەرپێچیان كردۆتە سەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی، ئەمەش هۆكارێكی بەردەوام بوونی گرفتی كارەبایە كە بێزاری لێكەوتۆتەوە بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، چونكە لەم وەرزەدا كە خواستی بەكارهێنانی كارەبا بەشێوەیەكی زۆر خێرا روو لەهەڵكشان دەكات بەشێكی بۆ ئەو سەرپێچیانە دەگەڕێتەوە كە كراوەتە سەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی و بەپێی پێویست ناتوانرێت ئەو بڕە كارەبایەی بەرهەم دەهێنرێت بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بكرێت.

 

22972062019_وزەی خۆر (2).png


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure