بەرنامەی کاری وەزارەتی کارەبا لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

وەزارەتی کارەبای هەرێم کاردەکات بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا بەشێوەیەکی بەردەوام لە هەموو مانگەکانی ساڵدا، کە ئەمەش ئەرکێکی گرنگی ئەم قۆناغەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بەئەنجام گەیاندنی ئەم ئەرکەش پێویستی بەپشتگیری حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە لە پێدانی دەسەڵات و ئاسانکاری و هەماهەنگی و دابینکردنی بودجەی پێویست، هەروەها پێویستی بە ئەنجامدانی چاکسازی بنەڕەتی لەسەرجەم سێکتەرەکانی وەزارەت و رێگرتن لە گەندەڵی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش هێڵە گشتیەکانی پلانی خۆی لە روانگەی ماستەر پلانی وەزارەت لەم چەند خاڵەدا دەخاتەڕوو:
یەکەم:
کارکردن بۆ کەمکردنەوەی زیادە رۆیی خواستی کارەبا بە شێوەی نادروست و بێ پلان بەمەبەستی کورت کردنەوەی ڕێگەی گەیشتن بە دابینکردنی کارەبای بەردەوام لە لایەک و کەمکردنەوەی بودجەی تەرخانکراوی حکومەت بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەلایەکی تر. هەروەها لە پاڵ زیادکردنی بەردەوامی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بۆ گەیشتن بە خواستی کارەبا پێویستە سنوورێک دابنرێت بۆ بە فیڕۆچوونی وزەی کارەبا و کەمکردنەوەی لۆد.
بۆ گەیشتن بەم ئامانجە چەندین هەنگاوی گرنگ بە هەماهەنگی حکومەتی هەرێم و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەگرینە بەر، وەک:
1. جێبەجێکردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەک بە سوودبینین لە ئەزموونی ڕابردوو و بەئالیەتێکی باشتر.
2. گۆڕینی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە گازوایلەوە بۆ غازی سروشتی.
3. زیادکردنی یەکەی کۆمباین سایکڵ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی غازی سلێمانی و دهوک.
4. پێداچوونەوە بە نرخی فرۆشتنی وزەی کارەبا بە جۆرێک بگونجێت لەگەڵ تێچوونی کارەبای بەرهەم هێنراو و بارودۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیان.
5. دانانی نەگەیەنەری گەرمی و ساردی بۆ خانوو و ¬باڵەخانەکان، بە تایبەت پڕۆژە نوێیەکانی نیشتەجێبوون.
6. کارکردن بۆ ڕێگریکردن لە هاوردەکردنی ئەو ئامێرە کارەباییانەی چوستیان کەمە لەڕێگەی کوالیتی کۆنترۆڵەوە.
7. ئاسانکاری بۆ بەکارهێنانی وزەی ئەڵتەرناتیڤ بەتایبەت لەزستاندا (وەک دابینکردنی نەوت و غاز بەشێوەیەکی ئاسانتر و هەرزانتر وە بەکارهێنانی بۆیلەری وزەی خۆر) و هتد.
8. کارکردن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و رۆشنبیری بەکارهێنانی وزەی کارەبا و گرتنەبەری هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، پەروەردە، زانایانی ئاینی، دەسەڵاتی ئیداری پارێزگاکان، دەستەی وەبەرهێنان، بازرگانان و پیشەوەران و .. هتد.
دووەم:
بەهێزکردنی توانای سیستمی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا و چارەسەرکردنی کێشەی بارزۆری لە رێگای دابین کردنی بودجە و جێ بەجێ کردنی پرۆژەکانی قۆناغی حەوت کە بەهۆیانەوە دەتوانرێت گەشەکردنەکان بۆ ماوەی 10 ساڵی داهاتوو لە خۆبگرێت.
سێهەم:
گرنگیدانی تایبەت بە پڕۆژە ستراتیجیەکانی وەزارەت بەتایبەت پڕۆژەی سکادا و گەیاندن و پڕۆژەی تۆڕی گواستنەوەی 400 کەی ڤی ، وە بەستنەوەی تۆری کارەبای هەرێم بە تۆری کارەبای وڵاتانی دەوروبەر بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی وزەی کارەبا لە داهاتوودا.
چوارەم:
کارکردن بۆ فراوانکردنی تۆڕی کارەبای ژێر زەوی (Underground) لەبری تۆڕی هەوایی، بەتایبەت لە پڕۆژە نوێیەکان بە گشتی و سەنتەری شارەکان و ناوچە بازرگانی و پیشەسازیەکان، وە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئامانجە لەکاتی دانانی پلانی ساڵانەدا.
پێنجەم:
گرنگیدانی تایبەت بە بواری چاککردنەوە (ێیانە)ی تۆرەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا ئەویش لە رێگەی ئەنجامدانی ێیانەی بەرنامە بۆ دارێژراو.
شەشەم:
گرنگیدان بە بواری وزە نوێبوەکان بەتایبەت هایدرۆ و با و تیشکی خۆر بەپشت بەستن بەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا لە وەزارەت و کوردستان بە گشتی ئەنجام دراون.
حەوتەم:
کارکردن بۆ هەموارکردنەوەی یاسای وەزارەتی کارەبا بەجۆرێک لەخزمەتی زیاتری سیستمی کارەبای هەرێم دابێت، هەروەها بۆ رێگرتن لەو سەر پێچیانەی کە لەسەر تۆری کارەبا دەکرێت.
هەشتەم:
سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هەیکەلی ئیداری وەزارەت و یەکخستنی دام و دەزگاکان لە هەرسێ پارێزگا، وە دابەشکردنەوەی ئەرک و دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی زانستی بە مەبەستی باشترکردنی خزمەتگوزاریەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین.
نۆیەم:
هەموارکردنەوەی گرێبەستەکان بە جۆرێک کە بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی ئابووری و پێویستی هەرێمی کوردستان.
دەیەم:
گرنگیدان بە کۆکردنەوە و پاراستنی داتا لە دام و دەزگاکانی وەزارەت لە ڕێگەی دامەزراندنی داتا سەنتەرێکی ناوەندی تایبەت بە وەزارەت و بەرێوەبردنی ئەلیکترۆنی وەزارەت.
یازدەیەم:
هەماهەنگی کردن لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان بەمەبەستی سوودبینین لەتوانای خاوەن بڕوانامە باڵاکانی وەزارەت و زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیەکانی کوردستان لەبواری توێژینەوەو دۆزینەوەی ڕێگەچارەی باشتر بۆ گرفتەکانی بواری وزە بەگشتی و وزەی کارەبا بەتایبەت.
دوازدەیەم:
کاراکردنی سەنتەری ڕاهێنانی تایبەت بە وەزارەت بەمەبەستی گەشەپێدانی توانای سەرجەم کارمەندان.
سیازدەیەم:
کارکردن بۆ بەستنەوەی تۆڕی کارەبای ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم بە تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە.
چواردەیەم:
گرنگیدان بە بواری ڕاگەیاندن بە مەبەستی گەیاندنی زانیاری دروست دەربارەی کێشەکانی سیستمی کارەبا و پڕۆژە و چالاکیەکانی وەزارەت و هەروەها هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان دەربارەی پاراستنی وزەی کارەبا.

د. سه لاحه ددین بابه کر / وەزیری کارەبا

444861732015_11.jpg


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure