دەربارەی وەزارەتی کارەبا

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی کارەبا بەیەکێک لەو وەزارەتە گرنگ و هەستیارانە دادەنرێت کە لەکابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی گوڵانی ساڵی 2006 بەپێی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2006ی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان دامەزراوە، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەباو وزە بوو لەوەزارەتی پیشەسازی و وزە. ئەرک و پەیامی وەزارەتی کارەبا بریتی یە لە ( کارکردن لەپێناو دابینکردنی وزەی کارەبا بۆ هاوڵاتیان و پرۆژەکانی ژێرخانی ئابووری کوردستان و باشترکردن و پەرەپێدانی سیستەمی کارەبای هەرێم) بۆ بەدیهێنانی ئەم ئەرکەش وەزارەتی کارەبا لەرێگەی هەر چوار سێکتەرەکەیەوە ( بەرهەمهێنان - گواستنەوە- دابەشکردن - کۆنترۆڵ ) بەرنامەیەکی گشتگیری تایبەت بە پێشخستنی ژێرخانی کارەبا راگەیاندووە کە لە ویب سایتی وەزارەت لەبەشی تایبەت بە ( وەزارەت- ماستەرپلان) تەواویی بەرنامەکە بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا توانیوێتی سەرەڕای قەیرانی ئابووری و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەبەغدا و شەڕی داسەپاوی داعش بەسەر کوردستان و هاتنی ژمارەیەکی ئیجگار زۆری ئاوارەو پەناهەندە کە هێندەی دانیشتوانی پارێزگایەکی کوردستانە بەڵام بەپێی توانای دارایی و دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکان وەزارەت هەوڵی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی داوەو شوێنەوارە نێگەتیڤەکانی بارودۆخەکە بەوشێوە مەترسیدارە نەبێت لەسەر رەوشی کارەبا، ئێستاکەش سەرقاڵی دوو پرۆژەی گرنگی تایبەتە بە( رادەستکردنی بەشێک لەخزمەتگوزاری دابەشکردنی کارەبا بە کەرتی تایبەت- پرۆژەی پێوەری زیرەک) کە لەم رێگەیەوە دەتوانرێت کۆنترۆڵی بەکارهێنانی کارەباو باش بەڕێوەبردنی سیستەمی کارەبا بکرێت.
یەکەم وەزیر لەکابینەی پێنجەم ئەندازیار هۆشیار سیوەیلی بووە، دواتر لەهەردوو کابینەی شەشەم و حەوتەم ئەندازیار یاسین ئەبوبەکر ماوەتی بووە. لە18/6/2014 دکتۆر سەڵاحەدین بابەکر وەزیری کارەبا لەکابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەکار بووە، ئێستاکەش ئەم وەزارەتە لەلایەن د.ئاشى هه‌ورامی وه‌زیرى کاره‌با ( به وه‌کاله‌ت) وهۆگر شاڵی بریکاری وەزارەت بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ دەستبەکاربوونیان وەزارەتی کارەبا بەپلانێکی تازە هاتۆتە پێشەوە بەهاوکاری بانکی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی ریفۆرم لەوەزارەتی کارەبا بکرێت بۆ ئەم مەبەستە ئەم رێوشوێنانە گیراوەتەبەر:
1- کەمکردنەوەی تێچوونی بەرهەمهێنانی کارەبا بەهاوکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەرێگەی بەگەرخستنی زۆربەی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەغازی سروشتی.
2- کەمکردنەوەی زۆر لەبەرێوەبەرایەتی و بەش و هۆبەکانی وەزارەت بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئەدای کارەکان بکات.
3- بەپارەو تێچوونێکی کەمتر لەپرۆژەی پێشوو ئێستا سەرقاڵی جێبەجێکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەکین کە تێیدا هاوڵاتی و حکومەتیش سودمەند دەبین لەکەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەباو زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباو باشتر کۆنترۆڵکردنی .
4- جێ به‌ جێ کردنی به‌شێک لەخزمەتگوزاری سێکتەری دابەشکردنی کارەبا لەرێگەی کەرتی تایبەتەوە.
5- ڕووبه‌روبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌فیڕۆدانی ماڵی گشتی و هاوکاری له‌گه‌ڵ ڵایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی داره‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم که‌ بۆ مه‌به‌ستی ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی پێکهاتوون.
6- به‌رنامه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی گشتی به‌سه‌رجه‌م گرێبه‌سته‌کانی وه‌زارتی کاربا به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ سودمه‌ندی سه‌ره‌کی هاووڵاتیان و حکومه‌تی هه‌رێم بێت .

  430111572013_logo.jpg

 


Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure